کوردانی کاکەیی چەکی حەشد فڕێ دەدەن

کوردانی کاکەیی چەکی حەشد فڕێ دەدەن
چەکدارانی کوردانی کاکەیی نێو حەشدی شەعبی بە ھۆی ئەو غەدرەی لێیان دەکرێت دەست لە کارەکانیان ھەڵدەگرن و چەکی حەشد فڕێ دەدەن. بەرپرسێکی کوردی کاکەییش دەڵێ، تەنیا ٤٠ چەکدارێک ماون لە نێو حەشدا و ئەوانیش بڕیاریان داوە چەکی حەشد فڕێ دەن.

لوقمان کاکەیی، کارگێڕی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: "دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو حەشدی شەعبی فەوجێکی بۆ کوردانی کاکەیی پێک ھێنا و ژمارەیەک ڕەبایەی گوندەکانی کاکەیی خرانە ژێر دەستی ئەو چەکدارە کاکەییانە، بەڵام حەشد فێلی لە چەکدارە کاکەییەکان کرد و تا ئێستا ھیچ مووچەیەکی پێ نەداون، تەنیا بۆ خۆیانی بەکار ھێناون."

ساڵی ڕابردوو میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی کەتیبەکانی بابیلۆن، فەوجێکی بە ناوی فەجی ١٠ی سەر بە لیوای پەنجای تایبەت کرد بە کوردانی کاکەیی. لوقمان کاکەیی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ژمارەی چەکدارانی کاکەیی بەو شێوەیە نییە کە باس دەکرێت و ئێستا تەنیا ٤٠ چەکدارێکی کاکەیی لە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبیدا ماون و ئەوانیش بڕیاریان داوە دەست لەو کارە ھەڵگرن و پەیوەندییان بە حەشدەوە نامێنێت."

ئەو بەرپرسەی کاکەیی دەربارەی ڕەوشی ناوچەکانی کاکەیی ڕوونی کردەوە: "ئەو عەرەبانەی پێشتر دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کردبوو گەڕاونەتەوە ناوچەی داقووق و کێشە بۆ کوردانی کاکەیی دروست دەکەن، ھەریەک لە گوندەکانی عەلیسەرا و زەنقەڕ و عەرەب کۆیی زۆر خراپن و لەژێر مەترسیدان."
kdp -
Top