سەرکردەیەکی گۆڕان: یەکێتی شەیدای دەسەڵاتە و ناتوانێ ببێتە ئۆپۆزسیۆن
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕايگەیاند: ”پارتی کابینەی حکوومەت پێکدەھێنێت و ئەو بابەتە پەیوەندی بەوانەوە ھەیە، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێمە بەشداری بکەین، ئەوا ئیستحقاقی خۆمان بە بێ زیاد و کەم دەوێت، سازش لەسەر یەک بەشی بچووکیش ناکەین“.
لەبارەی ئەو قسانەی کە گوایە یەکێتی ٤٠٪ی حکوومەتی بەربکەوێت و پارتی لە پشکی خۆی بە گۆڕان، مەسیحی و تورکمانەکان بدات، ئێوە ئەمە قبوڵ دەکەن؟، سەرکردەکەی گۆڕان گوتی: ”پارتی ئازادە کە لە پشکی خۆی بە یەکێتی بدات، بەڵام چ لایەنێک ئەمەی قەبوڵە؟ نەخێر لە ھیچ کەسی قەبوڵ ناکەین و پیاوەتیش بەسەر ئاوی حەمامەوە ناکرێت“.
لەبارەی ئەو هەڕەشانەی کە جاروبار بەرپرسانی یەکێتی دەیکەن لەبارەی بەشدارینەکردن لە حکوومەت، خەلیل سەرکانی گوتی: ”یەکێتی ئەوەندە شەیدای دەسەڵاتە، باوەڕ ناکەم بتوانێت ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، چونکە ئۆپۆزسیۆنبوون قورسە و بە ھەموو کەس ناکرێت“.
باسنيوز
