داوا دەکرێت هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا لەسەر سنوورەکانی تورکیا جێگیر ببێت
لایەنگرانی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی رۆژ دەڵێن، جێگیربوونی ئەو هێزە لە رۆژئاوای کوردستان دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر رۆژئاوای کوردستان. راوێژکارێکی پێشووی کۆشکی سپیش دروستبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە کوردییەکان و گەڕاندنەوەی پێشمەرگەی رۆژ بە کارێکی ئەرێنی لەقەڵەمدەدات و دەڵێ، هەرێمی کوردستان دەتوانێ رۆڵی نێوەندگیر لەو بوارەدا بگێڕێت.
نزیکەی دە رۆژە گوشارێکی گەورە لە سەر بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دروستبووە. هۆکاری یەکەمی ئەو گوشارە بریتی بووە لە هەڕەشەکانی سەرۆکی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
هۆکاری دووەمیش بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ کشاندنەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە سووریادا. لەگەڵ بەردەوامی ئەو گوشارانەشدا دەربارەی ئەو میکانیزمانە قسە دەکرێت کە دەکرێت ببنە هۆکاری نەهێشتنی هەڕەشەکانی تورکیا، کە ئێستا سەرچاوەی سەرەکی نیگەرانی و ترسی خەڵکین.
دەکرێت یەکێک لەو میکانیزمانە بریتی بێت لە دروستبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان پارتە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان و هێزە سەربازییەکانیشیاندا. هێزی پێشمەرگەی رۆژ هەزاران پێشمەرگەن و لە هەرێمی کوردستاندا راهێنانیان پێکراوە. لە شەڕی دژی داعشیشدا بەشداربوون و نزیکەی 60 پێشمەرگەشیان شەهیدبوون.
راوێژکارێکی پێشووی کۆشکی سپی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دروستبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان هێزە کوردییەکان و گەڕاندنەوەی پێشمەرگەی رۆژ کارێکی ئەرێنی دەبێت و دەکرێت هەرێمی کوردستانیش رۆڵی نێوەندگیر لەو بوارەدا بگێڕێت.
دانیاڵ بێنه‌یم، راوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی راگەیاند: "كوردی عێراق هێڵی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان هه‌یه و ده‌توانن له‌گه‌ڵیدا قسه بكه‌ن و په‌یوه‌ندی باشیشیان له‌گه‌ڵ گرووپه كورده‌كانی سووریاشدا هه‌یه. هیوادارم بتوانن رۆڵی نێوه‌ندگیری ببینن. پێموایه كارێكی باشه كه پارتی دیموكراتی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی له‌و شێوه‌یه بۆ توركیا بنێرن. هه‌ندێك گرووپی نزیك له كوردانی سووریاش له شنگال هه‌ن كه بوونه‌ته هۆی نیگه‌رانی بۆ توركیا و بۆ كوردانی عێراقیش. ئه‌مە چۆن داینامیكی ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت قه‌ندیلیش ده‌گۆڕێت شتێكه جارێ نازانرێت. ئه‌وانه‌ی كه چاودێری ناوچه‌كه ده‌كه‌ن، ته‌ماشای ئه‌و دۆخه ده‌كه‌ن. به‌ڵام هیوادارم كه كوردی ناوچه جیاوازه‌كان له‌كاتێكی وه‌كو ئێستا بتوانن پێكه‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانیان په‌ره پێبده‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كدی كار بكه‌ن، نەوەک ئەوەی کە رێگه بده‌ن ئەكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان دووبه‌ره‌كیان له نێواندا دروستبكه‌ن".
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زۆرجار دەربارەی ئەو پێکەوەکارکردنەوە و گەڕانەوەی پێشمەرگەی رۆژ بۆ رۆژئاوای کوردستان قسەکراوە، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان رێگربوون لەو پێکەوەکارکردن و گەڕانەوەیە.
رووداو
