ئەمەریكا سەربازانی خۆی لە سووریاوە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە

ئەمەریكا   سەربازانی خۆی لە سووریاوە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی و گواستنەوەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە لە سووریا پاشەکشەیان پێ دەکرێت بۆ هەولێر، هەوڵی بەهێزکردنی زیاتری پێگەی سەربازی و سیاسیی خۆی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەدات.



پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا دۆناڵت ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە خاکی دەوڵەتی سووریا بە ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە ڕاگەیاند و لە دوایین هەڵوێستیشیدا ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی ١٢ی ٢٠١٨ جەختی کردەوە کە ئێستا داعش بە ڕێژەیەکی بەرچاو شکستی هێناوە و ڕای گەیاند: ”وڵاتانی ناوچەکە لەنێویشیاندا تورکیا، دەبێت بتوانن ئەوەندەی ماوە (داعش) لەناوی ببەن، ئێمە بەرەو ماڵەوە دەچینەوە“.



هەرچەندە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە سووریا دەکشێنێتەوە، سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو وڵاتە لە بەهێزکردنی پێگەی خۆیەتی لە هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە کەناڵی ئاسمانیی (حوڕە) لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە بڵاوی کردەوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ٢ هەزار و ١٣٠ سەربازی هێزی تایبەتیی ئەمریکا، سووریا جێدەهێڵن و لە سنووری پارێزگای هەولێر جێگیر دەکرێن.



گواستنەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سووریاوە بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە سەرقاڵی بوندیادنانی گەورەترین باڵاخانەی کونسوڵخانەی خۆیەتی لە باکووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر.



باسنیوز
Top