فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بناری قەندیلیان بە چڕی بۆردومان کرد

 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بناری قەندیلیان بە چڕی بۆردومان کرد
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو جار بە چڕی، گوندی (سینەمۆکە)ی بناری قەندیلیان لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە هاووڵاتییەکی سڤیلی گوندەکە بریندارە و باسیش لەوە دەکرێت کە ژمارەیەک سەرکردەی پەکەکە بەر هێرشەکە کەوتوون.



بەپێی زانیاریەكان لە کەسێکی خەڵکی گوندی (سینەمۆکە)وە دەستی کەوتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ٢ جار هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە گوندی (سینەمۆکە) ئەنجام داوە. لەمبارەیەشەوە ڕێزان خدر، سەرۆکی شارەوانیی شارەدێی سەنگەسەر لە سنووری شارۆچکەی پشدەر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی ئەمشەو (شەممە ٢٢ی ١٢ی ٢٠١٨)، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی بناری قەندیلیان بۆردومان کردووە، بەڵام زیاتر زیان بەر گوتنی (سینەمۆکە)ی بناری قەندیل کەوتووە.



ئەوەشی روون کردەوە کە لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ئافرەتێک بریندار بووە و ژمارەیەک خانووی گوندەکەش زیانیان بەر کەوتووە.



هەر لەو زانیارییانەی کە سەرچاوەیەکی خەڵکی گوندەکە ، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا، گەریلاکانی پەکەکە بنکە و بارەگاکانی خۆیان چۆڵ کردووە . ئەوەشی نەشاردەوە کە بەو هۆیەوە مەترسیی دووبارە بۆردومانکردنەوەی گوندەکە هەیە و دانیشتووانی گوندەکە لە دڵەڕاوکێدا دەژین.



هەر لەگەڵ بۆردومانکردنی گوندی (سینەمۆکە) لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە، ( لەلایەن چەند سەرچاوەیەکەوە زانیاری پێ گەیشتووە کە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەر هێرشەکە کەوتوون، بەڵام هێشتا نازاندرێت قەبارەی زیانەکان چەندن.



گوندی سینەمۆکە دەکەوێتە بناری قەندیل لە سنووری شارەدێی سەنگەسەری سەر بە قەڵادزێ و لە هاویندا ٥٠ تا ٦٠ ماڵی تێدایە و لە وەرزی زستانیشدا ژمارەی ماڵەکان بۆ نزیکەی ٢٠ ماڵ کەم دەبێتەوە. بنکە و بارەگاکانی پەکەکەش یەکجار لە ماڵەکانی گوندەکەوە نزیکن.








باسنیوز
Top