سەنتەری میترۆ: ئاسایشی سلێمانی زانیاری لەبارەی ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان نادەن
دوێنێ هەینی ٢١ی ١٢ی ٢٠١٨، دەیان کەس لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی دەستگیر کران کە دەیانویست خۆپیشاندانێک لەبارەی گۆشەگیریی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە ئەنجام بدەن، لەنێو دەستگیرکراوانیش چوار ڕۆژنامەنووسی میدیا و کۆمپانیا میدیاییەکانی نزیک لە پەکەکە هەبوون.
لەمبارەیەوە دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان ڕايگەیاند: ”کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس ڕۆژی ٢١\١٢\٢٠١٨ لە شەقامی سالمی سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کراون، بەڵام لە ڕێگەی خۆمانەوە ئەوەمان زانیوە کە ئەوان وەک ڕۆژنامەنووس دەستگیر نەکراون، بەڵکوو وەک خۆپیشاندەر مامەڵەیان لەگەڵ کراوە“.
جەختیشی کردەوە: ”خۆم پەیوەندیم بە ئاسایشی سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن، بەشێوەیەکی فەرمی لە بەدواداچوونەکانمان ھیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە“. ڕوونی کردەوە کە لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی لقی سلێمانی لەسەر هێڵن و ھەوڵێکیش ھەیە کە گوایە ئەمڕۆ سەرجەم دەستگیرکراوەکان و لەناویشیاندا ڕۆژنامەنووسەکان ئازاد بکرێن.
لەبارەی ڕۆڵی یەکێتی لەو هەڵمەتەی کە دژی لایەنگرانی پەکەکە لە سلێمانی دەستی پێکردووە، دیاری محەمەد ڕايگەیاند: ”دیارە چ لایەنێک لە ناوچەکەدا باڵا دەستە و ھێزەکانی ئاسایش زیاتر لە ژێر ڕکێفی چ لایەنێکی سیاسی دایە“.
باسنيوز
