بریندارێکی شەڕە تەقەی نێوان براكان له‌ کەلار گیانی لەدەست دا

 بریندارێکی شەڕە تەقەی نێوان براكان له‌ کەلار گیانی لەدەست دا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕای گەیاند، یەکێک لە بریندارانی شەڕە تەقەکەی کەلار، كه‌ كه‌سێك ته‌قه‌ى له‌ براكانى خۆى كردبوو، گیانی لە دەست دا.

بە پێی ڕاگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان کە ئەمڕۆ ٢٢\١٢\٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە، یەکێک لە بریندارانی شەڕە تەقەکەی شارى کەلار کە لە نێوان چەند برایەک ڕوویدا گیانی لەدەست دا.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناو ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەو بریندارەی كه‌ گیانى له‌ده‌ست دا ناوی (هەڵمەت برا عەزیز نادر)ە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٤ـه‌، دوای ئەوەی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا، شەوی ڕابردوو گیانی لەدەست دا.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر چۆنییەتی هۆکاری ڕووداوەکە بەردەوامە.

هەفتەی ڕابردوو لە گەڕەکی گۆرانی شارى کەلار كه‌سێك تەقەی لەبراكانى خۆى كرد، بەو هۆیەشەوە دەست بەجێ یەکێکیان گیانی لەدەست دا و دوانی دیکەیان بریندار بوون.











باسنيوز
Top