نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو دەکاتەوە و ستایشی هەولێر دەکات

 نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو دەکاتەوە و ستایشی هەولێر دەکات
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) ستایشی میواندۆستیی خەڵک و دەسەڵاتدارانی ھەولێر دەکات.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە UNHCR لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، ئەو رێکخراوە جیھانییە باس لەوە دەکات، کە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان ١٢٠ هەزار پەنابەری سووری و ٦٠٠ ھەزار ئاوارەی عێراقی لەخۆ دەگرێت.

وەک لە گرتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، لە شاری ھەولێر پێچەوانەی ”ژمارەیەکی زۆری کۆمەڵگاکانی دیکەی جیھان“، ژیان و کارکردنی ئاوارە و پەنابەران سنووردار نەکراوە و ئەوان بە ئازادی کار دەکەن و دەژین.

نەتەوە یەگرتووەکان کارکردنی پزیشکێکی سووری بە ناوی محەمەد عیسا وەک نموونە باس کردووە، کە دوای ئاوارەبوونی بۆ ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر گیرساوەتەوە و کاری پزیشکیی خۆی دەکات.

نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رێکخراوەکە، رایگەیاندووە، ئاوارە و پەنابەرەکان بیرۆکەی نوێیان ھێناوەتە ناو ھەولێر و بوونەتە بەشێک لە ھۆکارەکانی گەشەسەندنی ئەو شارە.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە زۆرینەی ئاوارە و پەنابەرەکان لە ھەولێر ھەست بە دڵنیایی دەکەن و ھەولێر بە ”ماڵی خۆیان“ دادەنێن.

پەنابەرە سوورییەکان دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەیان لە ٢٠١١، ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و عێراقییەکانیش بەھۆی داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و شەڕی تایئیفیی میلیشیاکان، پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە.











باسنيوز
Top