تەرمی نووسەری کورد جەمال نەبەز گەیشتەوە هەرێمی کوردستان
پرۆفیسیۆر دکتۆر جەمال نەبەز نووسەر و زمانەوانی ناسراوی کورد ڕێکەوتی 2018.12.8 لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی كرد.
دوای نزیكەی دوو هەفتە لە کۆچی دوایی، ئەمڕۆ شەممە 2018.12.22 تەرمەکەی لەڕێگەی فڕۆكەخانەی هەولێرەوە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە گەڕێندرایەوە هەرێمی كوردستان و لە هەولێرەوە بە كەژاوەی ئۆتۆمبێل دەگەڕێنرێتەوە شاری سلێمانی و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە خاك دەسپێردرێت.
جەمال نەبەز، یەكێك بوو لە نووسەر و زمانزانە دیارەكانی كوردە کە خاوەنی 60 كتێبی نووسراو و وەڕگێردراوە و لەساڵی 1962 ەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە.
لە ساڵی 1933 لە سلێمانی لەدایك بووە و رۆژی 8ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە شاری بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
باسنیوز
