فراکسیۆنی پارتی بەدواداچوون بۆ مووچەی کەمئەندامان دەکات
عادل ڕەفیق، ئەندامی کۆمەڵەی ژینی کەمئەندامان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "بە بڕیاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، مووچەی ٢٣ھەزار کەمئەندام بڕدراوە، ئەمە ناحەقییە بەرامبەر بە ژمارەیەکی بەرچاوی کەمئەندامان دەکرێت، چونکە بە پێی ستانداردی جیھانی ھەرکەسێک ڕێژەی کەمئەندامییەکەی بگاتە ٥٥%، ئەوە پێویستی بە مووچە ھەیە و بە کەمئەندام ھەژمار دەکرێت، کەچی وەزارەت ڕێژەی کەمئەندامی بە ٧٠% دیاری کردووە."
ڕەفیق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: " ئێمە ھەموو ھەڵوێستێک دەگرینە بەر بۆ گێڕانەوەی مافەکانمان، بەڵام دەمانەوێت بە شێوەیەکی مەدەنی، دەنگی خۆمان بگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەڵێنی پێ داوین بەدواداچوون بۆ کێشەی مووچەی کەمئەندامان بکەن و چارەسەری بکەن."
زانا مەلا خالید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ڕاستە ئێمە وەک فراکسیۆن دەستمان بە ھەوڵەکانی خۆمان کردووە و بە پێی بەدواداچوونی ئێمە دەرکەوتووە غەدر لە بەشێکی کەمئەندامان کراوە و پێویستە حکوومەت و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی مافەکانیان بۆ بگێڕێتەوە."
زانا مەلا خالید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "بڕیار درا لیژنەی پزیشکی دروست بکرێتەوە و سکاڵای کەمئەندامان وەربگریت بۆ ئەوەی دووبارە پشکنینان بۆ بکرێت، ئێستا دەست بە دابەشکردنی فۆڕم کراوە و ئێمەیش لەگەڵ ئەوەداین ڕێژەی کەمئەندامی، ھاوشێوەی وڵاتانی دیکە بێت، نەک وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستان ھەیە.
kdp-
