پەرلەمان و حکوومەتی عێراق بڕیارەکانی ڕاکان سەعید سڕ دەکەن

	 پەرلەمان و حکوومەتی عێراق بڕیارەکانی ڕاکان سەعید سڕ دەکەن
پێکھاتەکانی کەرکووک دەنگی ناڕەزایی دژی بڕیارەکانی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک بەرز دەکەنەوە و شارەزایەکی جینۆسایدیش دەڵێ، بەغدا بڕیاری سڕکردنی ھەموو بڕیارەکانی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکی دەرکردووە.

زەمان عەبدە، شارەزای بواری جینۆساید ئاشکرای کرد، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ھاوشێوەی بەرپرسانی ڕژێمی بەعس دەستی بە پڕۆسەی تەعریب کردووە لە پارێزگای کەرکووک، چەندین کاری نایاسایی و نادەستووریی کردووە، کە بەداخەوە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیش ھەمان پیلان جێبەجێ دەکرا، ھەتا کێشە و دووبەرەکی خستووەتە نێوان پێکھاتەکانی شاری کەرکووک، تورکمان و عەرەبی ڕەسەنیش دژی بڕیارەکانی ڕاکان سەعید وەستاونەتەوە.

ئەو شارەزایەی جینۆساید بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "دوای بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزاییی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووک، پەرلەمان و حکوومەتی عێراق بڕیاری ڕاگرتنی ھەموو ئەو بڕیارانەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووکیان داوە، ئەوەش جێگەی گرنگییە کە بەغدا خۆی درک بەو ڕاستییە بکات، کە لە کەرکووک چ دەگوزەرێت."

زەمان عەبدە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پێویستە کورد لەوە زیاتر بێدەنگ نەبێت لە بەرامبەر ئەو تەعریبەی کەرکووکی گرتووتەوە، چونکە تا ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ماوە، نابێت کەس دەستکاریی کەرکووک بکات، پێم وایە تا ماددەی ١٤٠ بە تەواوی جێبەجێ نەکرێت، پڕۆسەی تەعریب بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوە، پێویستە نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو بڕیارانەی نایاسایین و بۆ بەعەرەبکردنی کەرکووک دەرکراون."
kdp-
Top