لیوایەکی چەکدارانی داعش گەڕاوەتەوە مووسڵ و ترسی ناوەتەوە
ناوچەکانی دەوروبەری شاری مووسڵ كه بە دڵی گرووپە توندڕۆکان ناسراون و دوای ئازادکردنەوەی شاری مووسڵیش ھێشتا ھێزە ئەمنییەکان نەیانتوانیوه ئەو ناوچانە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەنهوه، دووباره داعش تێیاندا چالاک بووەتەوە.
شێخ محێدین مزووری، کارگێڕی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ ئاشکرای کرد، چەکدارانی داعش وەک پێشوو گەڕاونەتەوە بۆ سنووری پارێزگای نەینەوا و ئێستا چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی بەعاج و بادۆش، جموجۆڵی زۆریان ههیه و بە شێوەی گرووپ ھاتوچۆ دەکەن، ئهو زانیاریی دهدات و دهڵێ ''ھەر گرووپێکی چەکدارانی داعش لە دوازدە چەکدار پێک ھاتووە، لە ناو سەنتەری شاری مووسڵیش شانەکانیان کارا بوونەوە و خەڵکێکیش ھەیە ھاوکاری داعشە بۆ ھەستانەوەیان لە مووسڵ."
بەرپرسەکەی پارتی لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەی وادی عەگاب، داعش سێ ھاووڵاتی شاری مووسڵی کوشتووە، ئێمە چ وەک ھاووڵاتیانی مووسڵ و چ وەک لایەنە سیاسییەکان وای دەبینین، مەترسیی داعش زۆر زیاترە لە پێشوو، چونکە پێشتر داعش سنوورێکی دیاریکراوی ھەبوو، بەڵام ئێستا داعش ھەیە و ناشبینرێن."
دەربارەی ژمارەی چەکدارانی داعش لە سنووری مووسڵ، شێخ محێدین مزووری دەڵێت: "بەپێی زانیاریی ئێمە لیوایەکی چەکدارانی داعش بە ناوی لیوای ئەلفاڕووق گەڕاوەتە سەر خاکی مووسڵ و ژمارەی چەکدارەکانی ئەو لیوایە ھەزار و ٥٠٠ چەکدارن و لە نێو سنووری ئیدارەی مووسڵدا تەراتێن دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەوە زیاتر شانەی نوستوویان ھەیە."
مزووری نایشارێتەوە، ناوچەکانی حەزەر و بەعاج و بادۆش تا سەر سنووری سووریا ھێلانەی داعشن و دەشڵێت: "ئەو لیوایەی چەکدارانی داعش بە درێژاییی سنووری مووسڵ تا دەگاتە سنووری پارێزگای ئەنبار چالاکی ئەنجام دەدەات، لەگەل ئەوەشدا، ئێمە زانیاریمان لەبارەی شوێنی مەشق و سەربازگەی ئەو چەکدارانە لەبەر دەست نییە."
kdp-
