کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا کاریگەریی لەسەر کورد دەبێت؟

کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا کاریگەریی لەسەر کورد دەبێت؟
بابەتی کشانەوە هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بووەتە مانشێتی گرنگی ڕۆژەڤی دنیا، سیاسەتڤانێکی کوردیش لە سووریا پێی وایە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا بۆ ڕازیکردنی تورکیایە.

دوێنێ، چوارشه‌ممە، دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ تویتێكدا كشانه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له‌ سووریا ڕاگه‌یاند.

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا دەڵێت: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا تەنیا بۆ ڕازیکردنی تورکیایە و کوردیش لەو نێوەندەدا دەکەویتە مەترسییەکی گەورەوە."

بەشار ئەمین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێستا ڕۆژهەڵاتی فوراتیش لە ژێر ململانێیەکی تونددایە لە نێوان وڵاتاندا و تورکیا ‌هەڕەشە دەکات و ئەمەریکاش لەو پرسەدا بێدەنگی هەڵبژارد، بەڵام بڕوا ناکەم ئەمەریکا بەو ئاسانییە وەک منبج و عەفرین بێدەنگ بێت."

هه‌ر دوای ئه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا فه‌رمانی كرد، كه‌ سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی له‌ سووریا بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاتی خۆیان، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكاش چاوه‌ڕێی ورده‌كاریی فه‌رمانه‌كه‌ی دۆناڵد ترامپه‌، تا بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ بكات.

ئەمین ئاماژەیشی دا: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕەهەندێکی تریشی هەیە، دەیەوێ هەندێک گوشار لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات، چونکە چەندین جارە داوای لێ کردوون، کە پێشمەرگەی ڕۆژیش هاوشانی ئەوان لە دژی داعش بجەنگن، چونکە مەرامی ئەمەریکا نەهێشتنی داعشە لە ناوچەکە."

لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش قسەی هەبوو و گوتی: ''واشنتن بەردەوامە لە یاریکردن بە سیاسەتەکانی کورد و کشانەوەشیان ڕێگاخۆشکردنە بۆ پێکانی ئامانجی تورکیا."

زاخارۆڤا گوتیشی: "ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی دۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و ته‌واوی ناوچه‌ سنووریییه‌كانی نێوان توركیا و سووریا و ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌تر ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌ و مه‌ترسیی ئه‌وه‌یش هه‌یه‌ تیرۆریستان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ خۆیان بقۆزنه‌وه‌."

ئایا کورد لە سووریا بێپشتوپەنا دەمێنن؟

یەپەگە، باڵی سەرەکیی هەسەدە و هاوپەیمانیی سەربازی ئەمەریکایە لە دژی داعش، کەچی ئەمەریکا لە لایەک پاڵپشتییان دەکات و بە هاوپەیمانی سەرەکیی خۆییان دادەنێت بۆ نەهێشتنی داعش و هاوکاریشیان دەکات، بەڵام لە چەندین پرسیشدا پشتی تێ کردوون.

لە شەڕی عەفریندا ئەمەریکا و جیهانیش پشتیان لە هێزە کوردەکان کرد تا تورکیا ئەو شارەی کنترۆڵ کرد و لە منبجیش ڕازیی کرد تورکیا هێزەکانی خۆی جێگیر بکات.

پرسی ڕۆژهەلاتی فوراتیش بووەتە پرسێکی گەرم، هەسەدە هەڕەشە دەکات لە دەستبەرداربوونی، تورکیاش چاوی لەو ناوچەیەیە.

هاوکات، تارق خەرکی، جێگری سکرتێری پارتی ئازادیی کوردستان لە سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کورستانی گوت: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دوو سیناریۆی هەیە، ئەویش دەیەوێت هەموو هێزەکان لەو وڵاتە بکشێنەوە و ئەو وڵاتە چیی تر نەبیتە گۆرەپانی سیاسەتی وڵاتان. سیناریۆیەکی تریش ئەوەیە تەنیا تورکیا ئەو مافەی هەبێت دەست بەسەر ناوچەکاندا بگرێت و کنترۆلیان بکات و وەک هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکا و ڕیگەش نەدرێت نفووزی وڵاتانی تر هەبیت."

خەرکی ئەوەیشی گوت: ''ئەو هەڵوێستەی کشانەوەی ئەمەریکا شتێکی نامۆ نییە، چونکە ئەمەریکا ڕاوشکاوانە بە پەیەدەی گوتبوو، تۆ هاوپەیمانی ئێمە نیت، تەنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ڕووی سەربازییەوە لەگەڵتان دەبین."

گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوا گرنگە

سەرکردەکانی ئەنەکەسە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندبوو، بەسەرپەڕشتیی ئەمەریکا کۆبوونەوەی نێوان هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ و پەیەدە لە ڕمێلان دەرەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاواییی کوردستان کۆ بوونەوە، کەچی پەیەدە ڕەتی دەکاتەوە ئەو هێزە بگەڕێتەوە.

هەسەدە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ڕاگەیاندراوێک بڵاو کردووە، ئەو بڕیارە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر شەڕی دژی داعش، کەچی تا ئێستا ئێمە لە دژی داعش دەجەنگین و هێشتا شەڕەکەش تەواو نەبووە.

ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتووە، کشانەوەکە لەم کات و ساتەدا دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی تر شانە نووستووەکان گەشە بکەن و دەرفەت بۆ داعش دەڕەخسێنی بگەڕێتەوە.

خەرکی لەبارەی ئەو بەیاننامەیەی هەسەدەوە گوتی: ''ئەو بەیاننامە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە کە چەندین جارە خەڵک داوا دەکەن هێزی ڕۆژ بگەڕێتەوە بۆ پارێزگاریکردنی ڕۆژئاوا، کەچی پەیەدە قبووڵ ناکات و دەچێتە ناوچە عەرەبنشینەکان."

گوتیشی: ''دەبێت پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە، چونکە ئەمە خواستی نێودەوڵەتی و نێوخۆییشە و خەڵک چاوەڕوانی ئەو هێزەیە، چونکە دەبێتە سەنەدێک بۆ پارێزگاری لە ڕۆژئاوای کوردستان."

وەزیری فەرەنسا بۆ کاروباری ئەورووپا، ناتالی لوازۆ ڕایگەیاند: "هێزی وڵاتەکەیان لە سووریا دەمێنێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا هێزەکەی لە سووریا کشاندەوە، لەو بارەیەشەوە، پسپۆڕێکی سیاسەتی ئەمەریکا دەڵێ، کشانەوەی هێزەکەی ئەمەریکا سورپرایز بوو بۆ ئەمەریکاش و کشانەوەشیان کاریگەری دەبێت لە هێزە کوردییەکان و بێپشتوپەنا دەمێنن."

نەوزاد هێتۆتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''دەبێت هێزە کوردەکان جێگرەوەی ئەو هێزە ببینن و ئەویش فەرەنسا بێت."
kdp-
Top