ڕاوێژکاری (م.س)ی یەکێتی: کوردستان ببێتە دوو ئیدارە یەکێتی ناتوانێ کۆنتڕۆڵی سلێمانی بکات

 ڕاوێژکاری (م.س)ی یەکێتی: کوردستان ببێتە دوو ئیدارە یەکێتی ناتوانێ کۆنتڕۆڵی سلێمانی بکات
لەناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناڕەزایی دژی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی بەرز دەبێتەوە کە ئێستا حزبەکە بە مەبەستی بەدەستهێنانی پۆستی زیاتری کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەیکات.

پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە ١٩ی ١٢ی ٢٠١٨، یەکێتی لە ڕێگەی فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی حزبەکەوە کارتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی بەکار هێنا و باسی لەوە کرد کە ئەگەر ئەو پۆستە زۆر و زەوەندانەیان پێ نەدرێت کە داوای دەکەن، ئەوا ”نیو حکوومەت لە هەرێمی کوردستان پێک دێت کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو کوردستاندا نابێت“، چاودێرانیش ئەم هەڕەشەیان بە هەڕەشەی دوو ئیدارەیی و بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەربازی بەسەر سنووری سلێمانی لێک دایەوە.

لە بەرامبەردا ڕێزان شێخ دلێر، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ڕايگەیاند: "بڕوا ناکەم یەکێتی و پارتی لەسەر پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکنەکەون، چونکە ھەردوو لایەن بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانیان دەوێت، بێگومان خەڵکی کوردستان دەزانێ کە ئەم دوو حزبە دەتوانێت بەشێوەیەکی گشتی خزمەتیان بکات“.

باسیشی لەوە کرد کە ”حزبەکانی دیکە ناتوانن ھیچ بۆ خەڵکی کوردستان بکەن“، ھەرچەندە جاری پێشوو پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا ڕێککەوت، بەڵام نەیتوانی بەشێوەیەکی باش ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بەرێت، بۆیە تەنھا چارەسەر ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی پێکەوە ئەم کابینەیە پێکبھێنن.

ڕێزان شێخ دلێر باسی لەوە کرد کە لە حاڵەتی دوو ئیدارەییدا، حزبەکەی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی سلێمانی بکات و گوتی: ”بەھیچ شێویەک یەکێتی دوو ئیدارەیی ڕاناگەیەنێت، چونکە یەکێتی لە دوو ئیدارەیی چی دەکات؟ دواجار ھیچ لایەنێکی سیاسی لە دوو ئیدارەیی قازانج ناکات، ھەرچەندە ئەو دوو لایەنە لەکۆتاییدا دەیانەوێ لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و پلە و پایەکانیان وەکوو خۆیان بمێنێتەوە، ڕەنگە لایەنێکی سیاسی زیاتر بەرگری بکات، بەڵام مادام یەکێتی و پارتی دەیانەوێ بمێننەوە، پێویستە ڕێککەوتن بۆ مانەوەی خۆیان بکەن“. جەختیشی کردەوە: ”ئەگەر یەکێتی ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی بکات، لەم لاوە بزووتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتی ھەیە و پارێزگاری سلێمانی بەدەستی گۆڕانەوەیە، بۆیە یەکێتی لەو حاڵەتەدا ناتوانێ کۆنتڕۆڵی سلێمانی بکات“.

ڕێزان شێخ دلێر، باسی لەوەشکرد:" ھەڕەشەکردنی دوو ئیدارەیی ھێڵی سوورە، ئەگەر لایەنێکی سیاسی ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی بکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێیان قەبوڵ ناکات، چونکە ئەگەر لایەنێکی سیاسی ھەڕەشەی دوو ئیدارەیی بکات، بڕیای ئەوەی داوە کە ھەرێم ھەڵبوەشێتەوە و ئەوکاتە ھەرێمی کوردستان دەبێت بە یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق“.











باسنيوز
Top