هەسەدە بەیاننامەیەک لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا بڵاو دەکاتەوە
لە بەیاننامەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 20/12/2018 بڵاوی کردووەتەوە، هەسەدە رایگەیاندووە، کشانەوەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان ”خزمەتی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکات“، چونکە هێشتا شەڕی دژی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە.
لە بەیاننامەکەدا، هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) کاریگەریی نەرێنی لەسەر شەڕی دژی داعش دەبێت و دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی داعش و پشتیوانانی.
هەسەدە پێی وایە بڕیار کشانەوەکە لە کاتێک دایە، کە شەڕی دژی داعش گەیشتووەتە قۆناغێکی چارەنووسساز و ئەو قۆناغەش پێویستی بە بەردەوامیی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکان هەیە لە دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە.
هەسەدە هۆشداریشی داوەتە ئەمریکا، کە ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی ”بێهیوابوونی گەلانی ناوچەکە لە بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری“ و بۆشاییەکی ئەمنی، سیاسی و سەربازی لە ناوچەکە دروست دەکات.
شەوی چوارشەممە 19/12/2018، کۆشکی سپیرایگەیاند، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.
ئەو هێزە. ئەمریکییانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا جێگری ببوون.
باسنيوز
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
