پاش فەرمانی دەستگیرکردنەکە ڕاکان جبووری بەپەلە خۆی گەیاندووەتە بەغدا
دوێنێ چوارشەممە ١٩ی ١٢ی ٢٠١٨ لێژنەی نەزاهەی عێراق کە فەرمانی دەستگیرکردنی ڕاکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و چەند فەرمانێکی دیکەیان پێ بووە، لە بەغداوە چوونەتە کەرکووک.
لەمبارەیەشەوە گۆران عەبدوڵا، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک ڕايگەیاند، ڕاکان جبووری ئاگاداری ھاتنی لێژنەکە بووە، بۆیە ”پێش گەیشتی ئەوان، خۆی گەیاندووەتە بەغدا“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ڕاکان جبووری بیر لە دوو ڕێگە چارە دەکاتەوە، یەکەمیان چارەسەرکردنی کێشەکەی بە بڕیارێکی سیاسی و داخستنی دۆسیەکەی لەلایەن لێژنەی نەزاهەوە. ڕێگەی دووەمیش ئەوەیە کە بچێتە پەرلەمانی عێراق و سوێندی یاسایی بخوات، تاوەکوو پارێزبەندیی یاسایی هەبێت.
ئەو بەرپرسەی ئاسایشی کەرکووک ئاشکراشی کرد: "ئەوانە تۆمەتبارن بە گەندەڵیکردن، لە پێدانی پڕۆژەکان بۆ چەند کەسێکی تایبەت، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و ھیچ لایەنێکی دیکە".
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک و ناوچەیەکی فراوانی کوردستان کەوتە دەست هێز و میلیشیاکانی عێراق، پاشان سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی ڕایانگەیاند کە گرووپێکی نێو حزبەکە و بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی، ڕێککەوتنی ژێربەژێریان ئەنجام داوە و ناوچەکەیان ڕادەست کردووە، بۆیە بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناسران.
لە ڕۆژی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکوو ئێستا، دکتۆر نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک، نەیتوانیوە کارەکانی خۆی وەک پارێزگار بکات، بەو هۆیەوە ڕاکان جبووری کە جێگری پارێزگاری کەرکووک بوو بۆ هەندێک کاری خزمەتگوزاریی وەک دیاریکردنی نرخی مۆلیدەی گەڕەکەکان، دەسەڵاتی پارێزگاری کەرکووکی وەرگرت و لەو ساوە تاوەکوو ئێستا، بە چڕی سیاسەتی بەعەرەبکردنی کەرکووک پیادە دەکات.
باسنيوز
