فڕاكسیۆنی پارتی: داوای سەرجەم پۆستەكانی پێشوومان دەكەینەوە
هێشتا پێنج وەزارەت لە كابینەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی یەكلا نەبوونەتەوە، كە یەكێك لە وەزارەتەكان بڕیارە بدرێتە بەربژێرێكی كورد و سەرۆكوەزیران خۆی دیاری كردووە، پارتییش لاریی نییە دەنگ بەو وەزیرە بدات، بەڵام پێی وایە دەبێت پشكەكەی لە بەغدا نەكرێتە قوربانیی سیاسی، ئەمە لە كاتێكدایە لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، جیا لە وەزارەتێك، پارتی دەنگی بە دوو وەزارەتەی دیكەی حكوومەتی تازەی عێراق دا.
ئارام باڵەتەیی، گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "تا ئێستا پێنج وەزارەت یەكلا نەبوونەتەوە، چونكە رێككەوتن لە نێوان هەردوو كوتلەی گەورەی شیعە نییە، بۆ ئەوەی پرسی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری یەكلا بكرێتەوە، ئەمەیش وای كردووە سێ وەزارەتی دیكە بە هەڵواسراوی بمێننەوە، یەكێك لە وەزارتەكانیش، وەزارەتی دادە كە سەرۆكوەزیران خۆی بەربژێری بۆ دیاری كردووە، ئێمەیش وەك پارتی لاریمان نییە دەنگ بەو وەزیرە بدەین و هێڵی سوورمان لەسەر كەس نییە، بەڵام لە ماف و حەقی خۆمان خۆش نابین و سەرجەم ئەو پۆستانەی كە پێشتر هیی پارتی بوون و ئێستا بە وەكالەت خەڵكیان لە شوێن دانراوە، دەمانەوێنەوە، وەك پۆستی سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق و بەڕێوەبەرە گشتییەكان".
باڵەتەیی گوتیشی: "پارتی تەنیا وەزیری دارایی و (شارەوانی و نیشتەجێبوون)ی وەرگرتووە، كۆمەڵێك پۆستی بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی هەن كە دەبێ پێمان بدرێن".
KDP-
