جوان حەسەن: گۆڕینی ناوی كەركووك بۆ "تەئمیم" ھەمان عەقڵییەتی سەردەمی بەعسە

	 جوان حەسەن: گۆڕینی ناوی كەركووك بۆ
ڕاكان جبووری، پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك، ناوی كەركووكی لەسەر پسوولەی دابەشكردنی بەنزین گۆڕیوە بۆ "تەئمیم"، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێت، ئەم بڕیارە بە بێ ئاگاداریی ئەندامانی ئەنجوومەن كراوە، بۆیە پێشێلكردنی دەستوور و یاسایە و بڕیاری سەردەمی بەعسە.

وێنەی پسوولەیەكی نوێی ئەمجارەی دابەشكردنی بەنزین، دەست شوفێرانی پارێزگای كەركووك كەوتووە، بەڵام ئەو ناوەی لەسەر پسوولەكانی پێشتر نووسرابوو كەركووك، ئێستا گۆڕدراوە بۆ "تەئمیم".

پێوەست بەم پرسە، جوان حەسەن زەنگەنە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی یەكگرتووی ئیسلامی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە بێ ئاگاداریی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ناوی كەركووك لەسەر پسوولەی دابەشكردنی بەنزین گۆڕدراوە بۆ تەئمیم، ئەم بڕیارەی پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووك، ڕاكان جبووری، پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، ھەمیشە ئەو كێشانەمان ھەیە لەگەڵ دەزگا عێراقییەكان بەداخەوە، حكوومەتی بەعس ١٥ ساڵ زیاترە ڕووخاوە، بەڵام تا ئێستا عەقڵییەتەكە ھەر ماوە، زۆربەی كات نووسراومان بۆ دێت لە بەغدا كە لایەنێك دەسەڵاتێكی بەدەستەوەیە، بە ھەمان بیروبۆچوونی سەردەمی سەددام مامەڵە دەكات، دەبێ دووبارە نووسراویان بۆ بكەینەوە و داوا بكەین ئەمە ڕەت بكرێتەوە، ھەندێك جاریش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەڵام زۆر جاریش بڕیارەكان دەچەسپێنن."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا، گوتیشی: "بڕیاری گۆڕینی ناوی كەركووك بۆ تەئمیم، تەنیا لە سەردەمی بەعسدا بوو، واتا یەكێكە لە ھەنگاوەكانی بەبەعسیكردن، دوای ٢٠٠٣ و ڕووخانی ئەو حكوومەتە، ناوەكە گەڕایەوە بۆ كەركووك بە پێی یاسا و بە گوێرەی بڕیاری حكوومەتی ئیتیحادی، بۆیە ئێستا ئەو لایەنەی ناوەكەی گۆڕیوە، پێچەوانەی یاسا مامەڵەی كردووە."

زەنگەنە، دەڵێت: "نكۆڵی ناكرێ لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە ھەموو ھەنگاوەكانی ڕژێمی پێشووی بەعس، ئەوەی ویستی بیكات لە كەركووك و تەواوی نەكرد، ئێستا بە ماوەی ئەم ساڵە دەیانەوێت ئەوەی ئەوكات نەكراوە تەواوی بكەن و پەلەپەلیانە زۆرترین كاری لەم جۆرە بكەن، یەكێك لەمانە گۆڕینی ناوەكەیە."
kdp-
Top