ڕێژەی ھەژاری لە دابەزیندایە و ساڵی ئایندە ڕووپێوێکی سەرتاسەری دەکرێت

ڕێژەی ھەژاری لە دابەزیندایە و ساڵی ئایندە ڕووپێوێکی سەرتاسەری دەکرێت
بڕیارە لە دەستپێکی ساڵی نوێدا ڕووپێوێکی سەرتاسەری لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، بە چاودێریی بانکی نێودەوڵەتی لەبارەی باری ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزانەکان بەڕێوە بچێت و بەرپرسێکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، ڕێژەی ھەژاری زۆر دابەزیوە و لە ساڵی ئایندە بە ھۆی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان زیاتریش دادەبەزێت.

مەحموود عوسمان، سەرۆکی دەستەی ئامار لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕووپێوێک لەگەل حکوومەتی عێراق لە مانگی داھاتووی ساڵی نوێ ئەنجام دەدات، ئەو ڕێژانەی باس لە بێکاری و ھەژاری دەکرێت ھیچ فەرمی نین، چونکە ئێمە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە ڕووپێوێکی بەرفراوانی باری کۆمەڵایەتی و ئابووریی خێزانیمان ئەنجام نەداوە، دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێمی کوردستان و دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی لە ھەوڵداین تا لە یەکەم مانگی ساڵی نوێ ئەو ڕووپێوە بەڕێوە بچێت."

سەرۆکی دەستەی ئامار لە پارێزگای سلێمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە خەرجی و داھات لەگەڵ خێزانەکان ڕووپێو بکەین، ئەو پڕۆسەیە ماوەی ساڵێکی پێویستە تا بگەینە ئەنجامێک، ڕووپێوی باری کۆمەڵایەتی و ئابووریی خێزانەکان چوار ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت. لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەو ڕووپێوە ئەنجام درا و لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجامەکەی دەرکەوت، کە ٢٤ بواری لە خۆی گرتبوو، لەوێدا خەرجیی تاک و خێزان و ڕێژەی ھەژاری دەرکەوت. دوای چوار ساڵ لە ٢٠١٢ دیسان ڕووپێوێکی دیکە ئەنجام درا و بۆمان دەرکەوت تا ڕادەیەکی باش چارەسەری بۆ ھێڵی ھەژاری و بێکاری کراوە."

بەرپرسەکەی دەستەی ئامار دەڵێت: "بە پێی ئەو ڕۆپێوانەی کراون لە ساڵی ٢٠٠٧ ڕێژەی ھەژاری لە عێراق ٢٤% بوو، لە ھەرێمی کوردستان تەنیا ٥% بوو، کە ساڵی ٢٠١٢ ڕووپێو ئەنجام درا، ڕێژەی ھەژاری لە عێراق دابەزی بۆ ١٨% و لە ھەرێمی کوردستان بۆ ٣%، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ بە ھۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، ڕێژەی ھەژار بەرز بووەوە و گەیشتە ١٦% و ھۆکارەکەی دیار بوو."

مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە کۆتاییی ساڵی ڕابردوو بە ھۆی باشتربوونی ڕەوشی ئابووریی ھەرێمی کوردستان ڕووپێوێک ئەنجام درا و دەرکەوت ڕێژەی ھەژاری کەم بووەتەوە بۆ ١٠%، من دڵنیام ئەمساڵ زۆر باشتر بووە و ساڵی دابێت ڕووپێو ئەنجام دەدرێت، بە پێی پێشبینیی ئێمە ڕێژەی ھەژاری زۆر دابەزیوە، چونکە حکوومەت مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش دەکات و ھەندێک پڕۆژەی ستراتیژی ھەن، دەستیان بە کار کردووتەوە و بە گشتی باری داراییی خەڵک بەرەو پێشەوە چووە و ئابووریی ھەرێمی کوردستان گەشەی کردووە."
kdp-
Top