هاوپەیمانان لە مەخموور گورزێکی دیکەیان لە داعش وەشاند
زریان شێخ وەسانی، فەرماندەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی جووڵەی تیرۆریستانی داعش لە سنوورەکە لە سەعات چوار و ٣٠ی خولەکی ئەم ئێوارەیە ھاوپەیمانان بە فڕۆکەی پێشکەوتوو بنکە و بارەگاکانی چەکدارانی تیرۆریستی داعشیان لە سنووری گوندەکانی بەردەسپی و گردەی بناری چیای قەرەچۆخ بۆردوومان کرد."
شێخ وەسانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بۆردوومانی فڕۆکەی ھاوپەیمانان بەردەوامە و ھەر ئەمڕۆ تا ئێستا پێنج جار ھێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لەو سنوورە."
زریان شێخ وەسانی ڕوونی کردەوە: "جووڵەی چەکدارانی داعش لە گوندەکانی عەلییەڕەش و گردەڕەش و بەردی سپی بە درێژاییی زنجیرەچیای قەرەچۆخدا زۆر زیادی کردووە، بەڵام تا ئێستا زیانەکانی بۆردوومانەکە نازانین، چونکە پێشمەرگە کەوتووەتە ئامادەباشییەوە و ھاوپەیمانانیش بەردەوامن لە ئۆپەڕاسیۆنەکەیان، بەڵام بێگومان زیانی گیانی و ماددیی زۆریان بە داعش گەیاندووە."
kdp-
