”پارتی گرێدراوی بابەتە نیشتمانییەکانە بۆیە یەکێتی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی دەکات“
پاش ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ١٢ی ٢٠١٨، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک کارتێکی فشار بۆ پێدانی پۆستی زیاتر بە حزبەکەی، هەڕەشەی دوو ئیدارەیی کرد و باسی لەوە کرد کە ئەگەر بەشداری لە حکوومەتدا نەکەن، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بەسەر سلێمانییەوە نابێت.
نازم هەرکی، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕايگەیاند: "یەکێتی دەزانێت پارتی چەند گرێدراو و پەیوەستە بە بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانەوە، هەروەها دەشزانێت هیچ کاتێک پارتی سازش لەسەر ئەو بابەتانە ناکات، هەر بۆیە هەمیشە لەو خاڵەوە پارتی گرتووە و ماوەیەکی درێژیشە ئەوەی بۆ چووەتە سەر و بەم شێوە تەهدیدانە هەوڵ دەدات پۆست بەدەست بهێنێت، بەجۆرێ لە قەبارەی کورسییەکانی زیاتر بێت".
ئەوەشی خستە ڕوو کە بابەتی دوو ئیدارەیی “خەونی نەیارانی کوردستانە” و لەو بابەتانەشدا “پارتی قوربانی بەخۆی داوە، تاوەکوو ئەو خەونە جێبەجێ نەبێت”. گوتیشی: “یەکێتی باش دەزانێت ئەم جۆرە هەڕەشانە خەونی نەیارانی کوردە و بۆنی دوو ئیدارەیی لێ دێت، بەڵام ئەوان پێیان گرنگ نییە خەونی نەیارانی کورد جێبەجێ ببێت، بەڵکوو ئەوەی بۆیان گرنگە، وەرگرتنی پلە و پۆستە، سەلماندیشی کە بۆ پلە و پۆست هەڕەشە دەکات".
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی داوا دەکات، یەکێتی بە خۆیدا بچێتەوە و “بە پێی قەبارەی خۆی مامەڵە بکات، ناشبێ گاڵتە بە دەنگی خەڵک بکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵک پارتی ویستووە بۆیە دەنگی پێ داوە”.
باسنيوز
