ڕاگەیاندراوی هاوبەشی پارتی و گۆڕان: گفتوگۆمان بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە هاوبەشە زۆرەکانمان بەردەوامە

 ڕاگەیاندراوی هاوبەشی پارتی و گۆڕان: گفتوگۆمان بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە هاوبەشە زۆرەکانمان بەردەوامە
کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات و ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە کە تێیدا جەخت لە بەردەوامیی کۆبوونەوەکانیان بۆ ”دەستنیشانکردنی خاڵە هاوبەش و زۆرەکان“ی نێوانیان.



ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:



ڕاگەیاندراوی هاوبەشی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان



ڕۆژی ١٩-١٢-٢٠١٨ شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، کۆبوونەوە.



کۆبوونەوەکە لە کەشوهەوایەکی بەرپرسانە و بە ئومێدی کارکردنی هاوبەش بەڕێوەچوو، هەردولا جەختیان لەوە کردەوە کە پرۆسەی گفتوگۆکردن بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو خاڵە هاوبەش و زۆرانەی لە ڕوانگەی هەردوو شاند هەیە بۆ بەرنامەی کابینەی حکوومەت بە ئامانجی باشترکردنی بژێویی خەڵک و چاکسازیی ڕیشەیی لە هەموو بوارەکان.



کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە بەرنامەیەکی تۆکمەی هاوبەش دابڕێژرێت بۆ بوارەکانی شەفافیەت و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت لە بەڕێوەبردنی زیاتری خزمەتگوزارییەکان و ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.



جەختیش کرایەوە لە دانانی بەرنامە و بەرپرسیارێتیی هاوبەش بە میکانیزمی گونجاوی جێ بڕوای لایەنە بەشداربووەکانی حکوومەت، بنەمای سەرەکیی بێت.



پارتی دیموکراتی کوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان





باسنیوز
Top