ڕاگەیاندراوی هاوبەشی پارتی و گۆڕان: گفتوگۆمان بۆ دەستنیشانکردنی خاڵە هاوبەشە زۆرەکانمان بەردەوامە
ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:
ڕاگەیاندراوی هاوبەشی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان
ڕۆژی ١٩-١٢-٢٠١٨ شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی پاش هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم، کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لە کەشوهەوایەکی بەرپرسانە و بە ئومێدی کارکردنی هاوبەش بەڕێوەچوو، هەردولا جەختیان لەوە کردەوە کە پرۆسەی گفتوگۆکردن بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو خاڵە هاوبەش و زۆرانەی لە ڕوانگەی هەردوو شاند هەیە بۆ بەرنامەی کابینەی حکوومەت بە ئامانجی باشترکردنی بژێویی خەڵک و چاکسازیی ڕیشەیی لە هەموو بوارەکان.
کۆبوونەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە بەرنامەیەکی تۆکمەی هاوبەش دابڕێژرێت بۆ بوارەکانی شەفافیەت و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت لە بەڕێوەبردنی زیاتری خزمەتگوزارییەکان و ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
جەختیش کرایەوە لە دانانی بەرنامە و بەرپرسیارێتیی هاوبەش بە میکانیزمی گونجاوی جێ بڕوای لایەنە بەشداربووەکانی حکوومەت، بنەمای سەرەکیی بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
باسنیوز
