بەم نزیكانە هەزاران پێشمەرگەی ڕۆژئاوا کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دان، بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە دەگوازرێنەوە
ئەو سەرچاوەیە کە لەبەر هۆکارگەلێکی پەیوەندیدار بە سەلامەتیی کەسی، نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاند، ئەمریکا و تورکیا و وڵاتانی دیکەی هەرێمی، بەنیازن (هێزی بژارە - قوات النخبة)ی سەر بە (رەوتی ئەلغەدی سووریا) کە ئەحمەد جەربا سەرۆکایەتی دەکات و لە (عەرەب، کورد و تورکمان) پێکهاتووە، بۆ ناوچەکانی (منبج، گرێ سپی و سەرێ کانی) لەسەر سنووری نێوان سووریا و تورکیا بگوازێتەوە. هەروەها هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاواش لە ناوچە کوردییەکان لە جێگەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بۆ چەند ناوچەیەکی دیکە بگوازێتەوە.
هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا لەو شەڕڤانە کوردانە پێک دێت کە لە دوای دەست پێ کردنی شۆڕشی سووریا، ڕیزەکانی سوپای سووریایان جێهێشتووە و چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستاندا لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی پسپۆڕانی ئەورووپی و بیانی ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و لە شەڕی دژی داعشدا بەشدارییان کردووە.
سەرچاوەکە ئاماژەشی بەوە کرد کە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی بژارە بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەچنە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات و پۆلیسی ناوخۆییش لەگەڵ لایەنی هەرێمی پێک دەهێنن.
سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە ئەحمەد جەربا بەم دواییانە دوو جار بە نێوانگیریی ئەمریکا و پشتیوانیی لایەنی نێودەوڵەتی، چووەتە تورکیا بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی تورک لەبارەی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی فورات کە زۆرینەیان عەرەبن.
لەم دواییانەشدا ئەحمەد جەربا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی بینی.
سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە: “لایەنی ئەمریکی هەوڵ دەدات یەکینەکانی کورد ڕازی بکات کە لە ناوچە سنوورییەکان بکشێنەوە، چونکە ئەمریکا ناتوانێت دەستبەرداری هاوپەیمانە تورکەکەی بێت لە پێناو حزبێکدا کە تورکیا بە درێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت”.
پێشتر جیمس جیڤری، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا لە سووریا، هەواڵێکی پشتڕاست کردەوە کە تێیدا ئاماژە بە چوونە ناوەوەی هێزێکی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بۆ سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
جیڤری جەختی کردەوە کە ئەوان مەترسییەکانی تورکیا بەهەند وەردەگرن و گرنگیشی پێ دەدەن. گوتیشی: “ئێمە لەگەل تورکیا کار دەکەین و هیوا دەخوازین دۆخەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئارامتر بێت لە پێشتر”.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ١٦ی ١٢ی ٢٠١٨، سەرچاوەیەکی کوردی سووریا ڕاگەیاند، “ئەگەر هەیە” هەزاران پێشمەرگەی ڕۆژئاوا کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دان، بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە بگوازرێنەوە، ئەمەش بە ڕەزامەندیی ئەمریکا و بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرژییەی کە لە ناوچەکە هەیە.
ڕوونیشی کردبووەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چارەسەرێکی مامناوەندی دۆزیوەتەوە لە نێوان لایەنی تورکی کە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات بۆ لێدانی یەپەگە دەکات، لەگەڵ یەپەگە کە هەڕەشەی کشانەوە لە شەڕی (دێرەزوور) دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ١٢ی ٢٠١٨،ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ڕژێمی سووریا بە چاودێریی ڕووسیا و ئێران ئەنجام دراوە لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
لەو کۆبوونەوەیەدا ڕژێمی سووریا داوای لە پەیەدە کردووە، سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیا ڕادەستی رژێم بکرێن، لە بەرامبەر ڕێگەگرتن لە هەر هێرشێکی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە. هاوکات ڕژێمی سووریا جەختی لە گەڕاندنەوەی “سەروەریی نیشتمانیی سووریا” و گەڕاندنەوەی سیستەمی ئیداری و ئەمنی و سەربازی بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە.
هاوکات ئەزموونی عەفرینیشیان وەبیر پەیەدە هێناوەتەوە کە پێشتر ئامادە نەبوون ئەو ناوچانە ڕادەستی ڕژێمی سووریا بکەن و لە کۆتاییشدا ناوچەکەیان لە دەست دا.
کۆبوونەوەکە لە شارۆچکەی (عێن عیسا) لە ڕیفی گرێ سپی بە چاودێریی ڕووسی و ئێرانییەکان ئەنجام دراوە و پەیەدەش داوای کردووە دەرفەتێکیان پێ بدرێت، تاوەکوو داخوازییەکانی ڕژێمی سووریا دیراسە بکەن.
باسنیوز
