لە کۆنفرانسێکدا چەند قوتابییەکی کورد لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەم بەدەست دێنن
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران، كە ئەمڕۆ سێشەممە 18/12/2018 بڵاوكراوەتەوە لە چەند ڕۆژی رابردوودا ستافی سەنتەری گەشەپێدانی زانكۆی سۆران، لەگەڵ گروپی براوەی ڕۆژی دیزاین(Desig day)، بە پڕوژەیەكی تەكنەلۆژی بەشدارییان لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەشەپێدانی بازاڕی كارـ بەغدا، بۆ ساڵی 2018 دا كرد، كە لەلایەن کونسوڵخانەی ئەمریكا و رێكخراوی ئایرێكسی ئەمریكی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خۆێندنی باڵای عێراق و كۆمپانیاكان رێكخرابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ئەوە دراوە کە ئامانج لە كۆنفڕانسەكە بریتی بووە لە باشتركردن و بەهێزكردنی پەیوەندی نێوان حكوومەت و كەرتی تایبەت و زانكۆكان. هەروەها لایەنێكی تری، بریتی بووە لە بەرەوپێشبردن و برەودان بە تواناكانی قوتابییان و ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار. هەر لەمیانەی كۆنفرانسەكەدا، جەخت لەسەر بەهێزكردنی ئەو توانا و كارامەییانە كرایەوە، كە پێویستە قوتابییان فێریان ببن، تا دوای دەرچوونیان بەئاسانی هەلی كار بدۆزنەوە.
ئەوەش ڕوونکراوەتەوە کە لە كۆنفڕانسەكەدا چەند قوتابییەكی زانكۆی سۆران، كە بریتیی بوون لە (محەمەد شكاك و ئاگری حەیدەر و ئەردەڵان نادر) بە سەرپەرشتی مامۆستا (میلاد عەشقی) بە پڕۆژەیەكی تایبەت بە ناوی(iWalk) ، بەشداریان كرد و توانییان لەسەر ئاستی زانكۆكانی كوردستان و عێراق، پلەی یەكەم بەدەست بیهَنن.
k24-
