شارەزایەكی ئابووری: سەردانی وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا بۆ ھەرێم گرینگیهكی زۆری ھەیە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا، رایگەیاند كە داوا لە حكوومەتی ھۆڵەندا دەكەن لە سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و خۆراكدا ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكات.
سەبارەت بە سەردانی وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا بۆ ھەرێمی كوردستان، د. ئەرشەد تەھا، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا بۆ ھەرێمی كوردستان، گرینگیی زۆری ھەیە، چونكە ئەوان یەكێكن لە وڵاتە بچووكەكانی ئەورووپا، بەڵام لە ڕووی ھەناردەكردنی كشتوكاڵەوە، یەكێكە لە وڵاتە گەورەكان كە زۆرترین ھەناردەی بەرھەمی كشتوكاڵیی ھەیە بۆ ئەورووپا و وڵاتانی دیكەیش، چونكە شارەزاییەكی زۆر باشیان لە بواری كشتوكاڵدا ھەیە و تاكە وڵاتن لە جیھان كە خۆیان وڵاتی خۆیان دروست كردووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە خاكەكەیشیان سرووشتی نییە بۆ كشتوكاڵ، بەڵام سەركەوتنیان بە دەست ھێناوە".
تەھا گوتیشی: "ھیوادارین لە كابینەی نوێدا، حكوومەت گرینگیی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵی بدات و بیكاتە داھاتێكی دیكە لە پاڵ داھاتی نەوت، چونكە خاكێكی كشتوكاڵیی زۆر باشی ھەیە و تەنیا پێویستمان بە تەكنەلۆژیا و ئامێری پێشكەوتووی كشتوكاڵی ھەیە، بۆ ئەوەی ھەلی كاری كشتوكاڵی و بەرھەمی زۆر دەست بخەین، بۆیە ئەگەر ستراتیژییەتێكی گونجاو ھەبێت، دەتوانین بەرھەمی كشتوكاڵیی ھەرێم ھەناردەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بكەین".
ئەو شارەزا ئابوورییە، ڕوونیشی كردەوە كە ھۆڵەندا ئەزموونێكی باشی لە بواری كشتوكاڵدا ھەیە و ئامێری زۆر باشی پێشكەوتوویشیان ھەیە، بۆیە دەتوانن ھاوكاریی ھەرێم بكەن، چونكە ھەرێمی كوردستانیش خاوەنی خاكێكی بەپیتی كشتوكاڵییە.
لای خۆیشیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، حاجی ماجید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، سەردانی وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا بایەخی خۆی ھەیە بۆ ئەوەی ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكەن لە ڕووی كشتوكاڵییەوە، لەبەر ئەوەی ھۆڵەندا جگە لە بوارەكانی دیكەی كشتوكاڵ، زۆر بەناووبانگە بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵ و بەرھەمەكانی ئاژەڵ، بۆیە دەتوانن لە ھەموو ڕوویەكەوە ھاوكاری ھەرێمی كوردستان بن
kdp-
