فەرماندەیەکی پێشمەرگەی ڕۆژ: ئەمڕۆ، یان سبەی هەر دەبێ بچینە ڕۆژئاوای کوردستان

	 فەرماندەیەکی پێشمەرگەی ڕۆژ: ئەمڕۆ، یان سبەی هەر دەبێ بچینە ڕۆژئاوای کوردستان
فەرماندەی لیوای یەکی لەشکری ڕۆژ دەڵێت، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکان و پێویستیشە بگەڕینەوە.



لەو بارەیەشەوە، بەدەل بەندی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشمەرگەی ڕۆژ ڕۆڵەی ڕۆژئاوان و دەیانەوێ بەرگری لە ڕۆژئاوا بکەن، ناکرێت هیچ هێزێک بەرانبەریان بوەستێتەوە و ئەمڕۆ، یان سبەی دەبێ بگەڕینەوە ڕۆژئاوای کوردستان."



بەندی دەڵێت: "پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان دامەزراوە و دەبنە هێزێکی پشتیوان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، ناکرێ هیچ هێزیك دژیان بوەستێتەوە".



ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگەی ڕۆژ ئاماژەیش یدا: "هەر بڕیارێکمان بۆ بێت کە بگەڕێینەوە، بۆ هەر جێگایەک بێت، ئامادەین."



بە پێی زانیارییەکان، ئەمەریکا دەیەوێت پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێنێتەوە ڕۆژئاوای کوردستان و پێشتریش سەرکردەکانی ئەنەکەسە بە ماڵپەڕی فەرمییی پارتی دیموکراتی کوردستانیان ڕاگەیاندبوو، هێزیکی ئەمەریکی چەندین پێشمەرگەی ڕۆژی بردووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ ڕۆژئاوا لە شاری ڕمێلان لەگەڵ پەیەدە کۆ بوونەتەوە.



دنیا پێی باشە هێزەکانی کورد لە ڕۆژئاوا ڕێک بخرێن، کەچی پەیەدە بڕیاری تاکلایەنە دەدات و ڕیگە نادات لە ڕووی سیاسییەوە ئەنەکەسە خەباتی خۆی بکات و لە ڕووی سەربازیشەوە پێشمەرگەی ڕۆژئاوای کوردستان بگەڕێتەوە.



هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ دوای شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١٢ دەمەزراوە و ئێستا لە هەرێمی کوردستانن و لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو.
kdp-
Top