لەبەر پەكەكە گوندێكی دیكەی سنووری ئاكرێ چۆڵ كرا

 لەبەر پەكەكە گوندێكی دیكەی سنووری ئاكرێ چۆڵ كرا
بەڕێوەبەری شارەدێی دینارتە دەڵێ، لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و بۆردوومانی توركیا گوندێكی دیكەی سنووری دینارتە لە ئاكرێ بە تەواوەتی چۆڵ كرا، بەوەش تا ئێستا 10 گوندی ناوچەكە چۆڵ كراون و زیانێكی زۆریش بەر گوندنشینان كەوتووە.



شەعبان خەلیل، بەڕێوەبەری شارەدێی دینارتە، سەر بە شارۆچكەی ئاكرێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "بە هۆی هەبوونی پەكەكە لە هەندێك گوند و ئاواییی سنووری شارەدێیەكەمان و بۆردوومانی توركیاوە 10 گوندی ناوچەكە بە تەواوەتی چۆڵ كراون. لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا بە هۆی نزیكیی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە گوندەكە و بۆردوومانی توركیاوە گوندی كادانا بە تەواوەتی چۆڵ كرا و هەموو خەڵكەكەی ئاوارەی گوندەكانی دەوروبەر بوونە و ئێستا لە ژیانێكی ناخۆشدا دەژین، هەروەها مەترسی هەیە هەندێك گوندی دیكەش چۆڵ بكرێن."



بەڕێوەبەری شارەدێی دینارتە گوتیشی: "هەبوونی پەكەكە و بۆردوومانی توركیا كێشەیەكی سیاسییە و دەبێ چارەسەر بكرێت، ئەگەر پەكەكە لە ناوچەكە نەبایە و توركیاش بۆردوومانی ناوچەكەی نەكردبایە، خەڵكی هەموو ئەو گوندانە دەگەڕانەوە، هەروەها زۆر ناوچەی گەشتیاری لەو ناوچانە هەن ئەگەر دەستی ئاوەدانی گەیشتبایەتە ئەو ناوچانە گەشتیارێكی زۆر ڕوویان تێ دەكرد، هەروەها هەبوونی گژوگیای بەهارە كە بووەتە داهاتی خەڵك، بەڵام لەبەر پەكەكە و توركیا كەس ناوێرێت بۆ ئەو شوێنانە بچێت، ئەوەش زیانێكی زۆری لە گوندنشینان داوە".
kdp-
Top