شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و پارتی بەشدارییان لە کۆنفرانسێک لە ئەڵمانیادا کرد

	 شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و پارتی بەشدارییان لە کۆنفرانسێک لە ئەڵمانیادا کرد
شاندێکی پێشمەرگە و پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری ھانۆڤەری ئەڵمانیا بەشدارییان لە کۆنفرانسی ڕێگاکان بەرەو ئاشتییدا کرد.

لە شاری ھانۆڤەری ئەڵمانیا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشی ئەڵمانیا کۆنفرانسێکی لەژێر ناونیشانی ''ڕێگای بەرەو ئاشتی''دا ساز کرد و لەو کۆنفرانسەدا چەندین دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام دران و باس لە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا لە بەدەستهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەدا. شاندی وەزارەتی پێشمەرگە پێک ھاتبوو لە بەڕێزان، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزیر و فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لیوا سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری مەخموور ــ گوێڕ و عەمید ڕوکن، ھەژار عومەر زەنگەنە، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە. شاندی پارتییش پێک ھاتبوو لە ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەوزی ئەسعەد، جێگری بەرپرسی لقی شەش.

لە کۆنفرانسەکەدا بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتارێکی دەربارەی ڕۆڵی مێژوویی و خەباتی پێشمەرگە و دروستبوونی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕۆڵیان لە بەرگری لە کوردستان و تێشکاندنی داعش و دابینکردنی ئاسایش بۆ هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و ملوێنان ئاوارەوە پێشکەش کرد. پاشان تیشکی خستە سەر ئەو هاوکارییانەی کە پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کراوە و گرنگییەکەی لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریدا. بریکاری وەزیری پێشمەرگە سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیای لە پشتیوانی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان و مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە، بەردەوام بوون و پەرەپێدانی ئەو جۆرە هاوکارییانە کاریگەریی دەبێت لەسەر دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا. دوایی فیلمێکی دۆکیومێنتاری دەربارەی مێژووی کوردستان و هێزی پێشمەرگە کە لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ئامادە کرابوو، پێشکەش کرا.

لە پانێڵێکدا کە لیوا سیروان بارزانی و ھۆشیار سیوەیلی و فەریق جەمال و عەمیدڕوکن ھەژار بەشدار بوون، باسیان لە بارودۆخی ئێستای کوردستان و داھاتووی هەرێمی کوردستان کرد. لە کۆتاییدا دیاریی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەر چوار کەسایەتیی ڕێکخراوەکە و ویلایەتی باشووری ساکسۆنیدا دابەش کرا، کە ڕۆڵیان هەبووە لە ناساندنی هێزی پێشمەرگە و پشتیوانیی گەلی کوردستاندا.
kdp-
Top