مەلا بەختیار بانگهێشتنامەیەکی دیکەی کۆسرەت ڕەسوڵ ڕەت دەکاتەوە
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ١٢ی ٢٠١٨، کۆسرەت ڕەسوڵ، بانگھێشتنامەی بۆ تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ناردووە، تاوەکوو بەشداری لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەیان بکەن و بانگێشتنامەشی بۆ مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی ناردووە، بەڵام مەلا بەختیار بانگهێشتنامەکەی کۆسرەت ڕەسوڵی ڕەت کردووەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری نەکردووە.
پێشتر فەرید ئەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕايگەیاندبوو، ماوەیەکە مەلا بەختیار، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ناکات، ھەرچەندە داوای لێکراوە کە بگەڕێتەوە سەر ئیش و کارەکانی خۆی، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ بڕیارێکی بۆ گەڕانەوە نەداوە.
فەرید ئەسەسەرد، ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکوو ئێستا مەلا بەختیار هۆکاری نیگەرانییەکانی ئاشکرا نەکردووە، ”بێگومان منیش ناتوانم ھیچ بڵێم، چونکە خودی مەلا بەختیارم نەبینیوە، تاوەکوو ھۆکاری نیگەرانییەکانیم بۆ باس بکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نیگەرانییەکانی پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە“.
تووڕەبوونی مەلا بەختیار پاش ئەوە هات کە یەکێتی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دانا، لە کاتێکدا مەلا بەختیار پێشتر کاندیدی پۆستەکە بوو و بەرهەم ساڵحیش حزبێکی دیکەی دامەزراندبوو و بانگەشەی گەندەڵی و نادادپەروەریی یەکێتی دەکرد، بەڵام دواجار لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وازی لە حزبەکە هێنا.
باسنيوز
