چەند کەسێک لە سلێمانی بە ناوی نوشتەکردنەوە دەستدرێژییان کردووەتە سەر ژمارەیەک ئافرەت
ئەمڕۆ سێشەممە ١٨/١٢/٢٠١٨، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ڕۆژی ٩/١٢/٢٠١٨، ھاووڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی کوردسات سکاڵای لە دژی کەسێک بەناوی (ج، م، ح) تۆمار کرد، کە چووەتە لای و بە مەبەستی جادوو و سیحرکردن، دەستدرێژی کردووەتە سەری".
باس لەوەش کراوە: "دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، دادوەر بڕیاری دا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار بەپێی مادەی ٣٩٣ لەیاسای سزادانی عێراقی، پاشان بۆ لێکۆڵینەوە سکاڵاکار نێردرا بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی پشکنین، لەئەنجامدا ڕاپۆرتی پزیشکی سەلماندی کە سکاڵاکار دەستدرێژی کراوەتە سەر".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە: "پاش بەدواداچوونی ھێزەکانی پۆلیس و لێکۆڵینەوە لە شوێنی تۆمەتبار، توانرا ڕۆژی ١٠/١٢/٢٠١٨ تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر بکرێت، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی نا بە تاوانەکەیدا و گوتویەتی کە دەستدرێژی کردووەتە سەر سکاڵاکار و ئافرەتێکی دیکەش و پارەی لە چەند ئافرەتێکی دیکەش وەرگرتووە، ئەمانەش بە مەبەستی جادوو و سیحرکردن بۆیان".
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی ڕوونیش کراوەتەوە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ھێزەکانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا ھەریەک لە تۆمەتباران (ە، ع، ع) و (م، ع، خ) و (ا، ح، ڕ) کە ھەمان کاریان لەگەڵ ژنان و کچان کردووە، "بە جۆرێک بە ناوی سیحر و جادووەوە، پارەیان لێ وەرگرتوون و دەستدرێژییان کردووەتە سەریان".
پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردووە کە ئێستا سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بە پێی مادەی ٣٩٣ لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.
پۆلیسی سلێمانی داوا لە ھاووڵاتییان دەکات: "بە فێڵ و تەڵەکەی ئەم جۆرە کەسانە تێنەکەون و لە ھەر شوێنێک لەم جۆرە کەسانە ھەبوون، پەیوەندی بە ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە بکەن، ھەر ھاووڵاتییەکیش سکاڵای ھەیە لەسەر تۆمەتبارانی ناوبراو، دەتوانێت بچێتە بنکەی پۆلیسی کوردسات یان ھەر بنکەیەکی دیکەی پۆلیس و سکاڵای خۆی تۆمار بکات".
باسنيوز
