گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی سلێمانیی پارتی: پۆست و پایە بەلای پارتییەوە گرنگ نییە
عەتا شێخ حەسەن، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای( سلێمانی- ھەڵەبجە) ڕایگەیاند:" پێویستە ھێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە ئەرکەوە سەیری شەراکەتی ڕاستەقینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە ھەڵبژاردن و دەنگ و ئیرادەی خەڵک نەخشەیەکە و ئەتڵەسێکی سیاسی دووست کردووە کە دەبێ ئەو ئەتڵەسە پراکتیزە بکرێت، گرنگی ھەڵبژاردن لەوەدایە کە بەو جۆرە پێگەی وڵات و دەسەڵات و بەڕێوەبردن بەھێز دەبێت، بۆیە ئێمە وای دەبینین کە ئەرکی پارت و لایەنە سیاسییەکانە لە ئەرکی خزمەتی ئایندەی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە بیر لە بەشداریی ڕاستەقینەی سیاسی بکەنەوە، نەوەکوو ھەوڵی بەدەستھێنانی پۆست و پلە و پایە بدەن“.
ڕوونیشی کردەوە، بەلای پارتییەوە پۆست و پلە گرنگ نییە، بەڵکوو ”گرنگ بەرنامەی کار و خزمەتکردنی خەڵکە، باشتروایە ھێز و لایەنە سیاسییەکان قەبووڵی بکەن کە بەقەدەر ئەو قەبارە و قورساییەی کە خەڵک دەنگی پێداون، داوای پۆست بکەن لە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھەڵبژاردن خۆی لە دەرەنجامی سزا و پاداشتدا دەبینێتەوە، بێگومان دەنگی خەڵک پەیوەندی بە ئەدای ھێزەکانەوە ھەیە لە کابینەی ڕابردووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە پێویستە ھێزەکان ڕێز و لەو پاداشتە بگرن کە خەڵک ھەندێک ھێزی بەخشیوە، ھەروەھا پێویستە ھەندێک حزب ئەو سزایە قەبوڵ بکەن و پراکتیزەی بکەن، بێگومان ناکرێ ئەو حزبانەی کورسییان کەم ھێناوە، داوای پۆستی باڵا بکەن“.
ئاماژەی بەوەش دا:" یەکێتی دەبێ لە ڕوانگەی سەنگ و قورسایی دەرەنجامی ھەڵبژاردنەوە سەیری پێگەی خۆی بکات، خۆ ئەگەر ئێمە لە ڕوانگەی مێژووەوە سەیری حزبەکان بکەین، ھەندێک حزب ھەیە مێژووەکەی لە یەکێتی زۆر زیاترە، بۆیە یەکێتی دەبێ بزانێ کە ٢١ کورسی ھێناوە و ناکرێ داوای پۆستی باڵای زیاتر لە ژمارەی کورسییەکانی بکات“.
گوتەبیژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە (پارێزگای سلێمانی- ھەڵەبجە) باسی لەوەشکرد:" ئەگەر ئەو حزبانەی بەشداری ئەم کابینەیە دەکەن، بەڕاستی شەریکێکی ڕاستەقینەی ئەم حکومەتە بن، یان ھاوشێوەی کابینەکەی ڕابردوو لە نیوەی ڕێگادا حکومەت بەجێنەھێڵن، بێگومان ھەموومان گەشبینین بەوەی کە ئەم کابینەیەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێ کاری باش بکات و خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات.
باسنیوز
