ئەگەر هەیە یەکێتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بایکۆت بکات
د. محەمەد شاکر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند دانیشتنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا، یەکێتی و هاوپەیمانیی سائیرون بایکۆتیان کردووە، بۆیە ”پێشبینی دەکرێ دانیشتنەکەی ئەمڕۆش بایکۆت بکەن“.
ڕوونیشی کردەوە کە دارا نوورەدین کەسێکی بێلایەنە و عادل عەبدولمەهدی کاندیدی کردووە، بەڵام ”ئێمە هیچ تێبینییەکمان لەسەری نییە“. هەروەها وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ پێکهاتەی مەسیحی دانراوە.
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە: ”وەکوو پارتی پێمانوایە کە شایستەی کورد چوار وەزارەتە و هەموو هەوڵمان ئەوەبوو کە پارتی سێ وەزارەت وەربگرێ و وەزارەتی چوارەمیش بۆ یەکێتی یان گۆڕان بێت کە هەردووکیان داوایان دەکرد.یەکێتی ١٨ کورسی هەیە و دەیگوت شایستەی ئێمەیە، گۆڕانیش دەیانگوت ڕاستە ٥ نوێنەرمان هەیە بەڵام یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری هەیە“. گوتیشی: ”عادل عەبدولمەهدی ئەو کەسەی کاندیدی کردووە، کەسێکی تەکنۆکراتە و مەعقوولە“.
هەرچەندە بڕیار بوو کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان لەبارەی دەنگدان لەسەر ٨ وەزارەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆ دوا خراوە.
باسنیوز
