ئەگەر هەیە یەکێتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بایکۆت بکات

 ئەگەر هەیە یەکێتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بایکۆت بکات
بەهۆی ئەوەی هیچ وەزارەتێکیان لە حکوومەتی عێراق پێ نەدراوە، ئەگەر هەیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ی ١٢ی ٢٠١٨ی پەرلەمانی عێراق بایکۆت بکات.

د. محەمەد شاکر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە چەند دانیشتنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا، یەکێتی و هاوپەیمانیی سائیرون بایکۆتیان کردووە، بۆیە ”پێشبینی دەکرێ دانیشتنەکەی ئەمڕۆش بایکۆت بکەن“.

ڕوونیشی کردەوە کە دارا نوورەدین کەسێکی بێلایەنە و عادل عەبدولمەهدی کاندیدی کردووە، بەڵام ”ئێمە هیچ تێبینییەکمان لەسەری نییە“. هەروەها وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بۆ پێکهاتەی مەسیحی دانراوە.

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە: ”وەکوو پارتی پێمانوایە کە شایستەی کورد چوار وەزارەتە و هەموو هەوڵمان ئەوەبوو کە پارتی سێ وەزارەت وەربگرێ و وەزارەتی چوارەمیش بۆ یەکێتی یان گۆڕان بێت کە هەردووکیان داوایان دەکرد.یەکێتی ١٨ کورسی هەیە و دەیگوت شایستەی ئێمەیە، گۆڕانیش دەیانگوت ڕاستە ٥ نوێنەرمان هەیە بەڵام یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری هەیە“. گوتیشی: ”عادل عەبدولمەهدی ئەو کەسەی کاندیدی کردووە، کەسێکی تەکنۆکراتە و مەعقوولە“.

هەرچەندە بڕیار بوو کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان لەبارەی دەنگدان لەسەر ٨ وەزارەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆ دوا خراوە.











باسنیوز
Top