ھۆکاری کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی ئاشکرا دەکرێت
حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی کارەبای ھەولێر ڕاگەیاند: "ھۆکاری کەمبوونی کارەبای نیشتمانی، بەھۆی ساردبوونی کەشوھەوا و بەکارھێنانی کارەبا لە بری سووتەمەنی بۆ گەرمکردنەوە، خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا زیاتر بووە، بۆیە پێدانی کارەبای نیشتمانی کەم بووەتەوە و پچڕ پچڕ دەبێت".
گوتیشی: "پێشتر کارەبای نیشتمانی 18 کاتژمێر بە ھاووڵاتییان دەدرا، بەڵام ئێستا لە باشترین بارودۆخدا لە تواناماندایە بڕی 10 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتییان بدەین".
بەڕێوەبەرى گشتیی کارەبای ھەولێر باسی لەوەش کرد: "ماوەیەک پێش ئێستا کۆمپانیای دانە غاز کە تایبەتمەندە بە بواری غاز و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بڕی غازی سروشتی زیاد کرا بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، ئەنجامی ئەم کارەشیان بڕی بەرھەمھێنانی کارەبای زیاد کرد، بۆ نموونە بەشە کارەبای پارێزگای ھەولێر 200 مێگاوات زیاد بووە، بەڵام بەھۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەکارھێنانی کارەبا، ئەم زیادبوونە ھەستی پێ ناکرێت".
حوسێن حەمەد ئاماژەی بەوەش دا، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای دانە غاز دەستیان کەوتووە، "بڕی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا زیاد دەکرێت، بێگومان ئەمەش دەبێتە ھۆی زیادبوونی بڕی کارەبا".
باسنيوز
