وەزیری بەرگریی تورکیا: ناهێڵین شنگال ببێتە قەندیلێکی نوێ
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا سەبارەت بە بوودجەی وەزارەتی بەرگریی رایگەیاند، چالاکییەکانیان لە منبج، بە ئاراستەی ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی لەسەر ئاستی جۆراوجۆر لەگەڵ ئەمریکادا ئەنجامیانداوە و لە چوارچێوەی نەخشەڕێگای منبج و پرەنسیپە ئەمنییەکان، ئەنجامدەدەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامانجمان لێرە؛ چۆڵکردنی تەواوەتیی منبجە لە لایەن یەپەگەوە، کۆکردنەوەی چەکە قورسەکان و پاککردنەوەی ناوچەکە لەو گرووپانەی چالاکی توندوتیژیی ئەنجامدەدەن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە، رادەستکردنی ئیدارەی شارەکە بە منبجییەکان و لە کۆتاییشدا گەڕانەوەی سوورییەکان لە دڵنیاییدا بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
خولوسی ئاکار راشیگەیاند، "سەرەڕای بەڵێنەکان ئەمەریکا تاوەکو هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە منبج جێبهێڵن، بەڵام ئەو هێزانە لە شارەکە چاڵیان هەڵکەندووە و سەکۆیان ئامادەکردووە، لە نزیکەوە چاودێریی بابەتەکە دەکەین".
لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خولوسی ئاکار وتی، "چاوەڕوانییمان لە حکوومەتی عێراق ئەوەیە کە هاریکاریی لەگەڵ ئێمەدا ئەنجامبدات بۆ ئەوەی کۆتایی بە بوونی پەکەکە بهێنرێت لەسەر خاکی ئەو وڵاتە".
دەشڵێت، "ئێمە رێز لە یەکپارچەیی خاکی عێراق، سووریا و سەرجەم دراوسێیەکانمان دەگرین، بەڵام لە پێناو ئاسایشی وڵات و گەلەکەماندا، تا ئەو کاتەی پەکەکە لەو شوێنانەی بوونیان هەیە بە تەواوەتی پاکدەکرێنەوە، ئۆپەراسیۆنەکانمان درێژەیان دەبێت".
لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر شەنگال و قەرەچووغ لە 13ی ئەم مانگەدا وەزیری بەرگری تورکیا رونیکردەوە، "ئەو بنکانە لەلایەن پەکەکەوە بەکاردەهێندرێت، وەک هەمیشە لە میانی ئەم ئۆپەراسیۆنەشدا، هەموو هەستیارییەک نیشاندراوە بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی و ژینگە زیانی بەرنەکەوێت، هەرگیز رێگە نادرێت شنگال ببێتە قەندیلێکی نوێ".
ئەوەش لەکاتێکدایە لەمیانی هێرشەکانی فڕۆکەکانی سوپای تورکیا چوار ژن گیانیان لەدەستدا کە سیانیان ئەندامی یەک خێزانن.
دوای دوو ساڵ لە ئاگربەستی نێوان توركیا و PKK، هاوینی ساڵی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دەستیانكردەوە بە بۆردومانی ئاسمانی بنكەو بارەگاكانی پەكەكه.
دەستپێكردنەوەی شەڕ دوای كوژرانی دوو پۆلیسی توركیا هات لە پارێزگای ئورفە كە پەكەكە بەرپرسیارێتی خۆی لە كوژرانیان راگەیاند لە تۆڵەی تەقینەوەكەی ناوچەی سروچی سەر سنوور كە گردبوونەوەیەكی كوردەكانی كردبووە ئامانج و بەهۆیەوە 32 كەس گیانیان لەدەستدا.
دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ، توركیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە زۆربەی ناوچەكانی باكووری كوردستان دەستپێكرد و تائێستاش ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن.
لەوەتەی شەڕی PKK لەگەڵ توركیا، لە ساڵی 1984ەوە دەستیپێكردووە، تائێستا زیاتر لە 40 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.
خەندان
