وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا: چاوەڕوانین هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا بەهێزتر بێت
لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا کە دوای کۆبوونەوەی نێوانیان ئەنجام درا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند: ”داوا لە هۆڵەندا دەکەین، لە سێکتەری خۆراک و کشتوکاڵدا هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات کە لەم بوارەدا هۆڵەندا ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە“.
روونیشی کردەوە کە لە بەشێکی کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە کە ”پێشبینی دەکرێ پەیوەندیمان بەرەو پێشەوە بچن لەم کابینەیەدا. هەروەها باس لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا“.
لەلایەن خۆشیەوە ستیف بلۆک، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا سوپاسی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ پێشوازی لێکردن و کۆبوونەوەی نێوانیان و ڕای گەیاند: ”پەیوەندییەکی زۆر پتەو هەیە لە نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا. زیاتر لە ٣ هەزار پەنابەری کورد لە هۆڵەندا هەن و ئێمە چاوەڕێین لە داهاتوودا پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بێت“.
جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیرییەکی تەواوی ”هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا“ دەکات. هاوکات هیوا دەخوازێت لە داهاتووێکی نزیکدا، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان درووست بکرێت، چونکە ”تموحات هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەتر“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان چاوەڕوانن لە داهاتوودا پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا بەهێزتر بێت و ”لە داهاتوودا ئەم هەرێمە بەهێزتر بێت“.
باسنيوز
