ئەنەكەسە: پەیەدە ھەر ھێزێكی قەبووڵە، پێشمەرگەی ڕۆژ نەبێت

	 ئەنەكەسە: پەیەدە ھەر ھێزێكی قەبووڵە، پێشمەرگەی ڕۆژ نەبێت
بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە ھەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، ئەمەریكا داوە بۆ ئەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان و چەند كۆبوونەوەیەكیش ئەنجام دراون، بەڵام پەیەدە بە گەڕانەوەیان ڕازیی نییە.

دوێنێ یەکشەممە، موسلم محەمەد کە سەرکردەیەکی ئەنەکەسەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، ١٥٠ پێشمەرگە لە ڕمێلانن بە مەبەستی ڕەزامەندیی ئیدارەی "خۆسەریی پەیەدە" بۆ ئەوەی ئەوانیش پاریزگاری لە ناوچەکانیان بکەن، بۆ ئەمەش چەندین ساڵە خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان چاوەڕییە.

نووری بریمۆ لەوبارەوە زانیاریی دا و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ھەوڵێك ھەیە بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام پەیەدە ڕازی نابێت و ئامادەیە ھەموو جۆرە ھێزێك بچێتە ڕۆژئاوای كوردستان تەنانەت توركیایش، بەڵام ھێزی پێشمەرگەی ڕۆژ نەبێت.

بریمۆ بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسەیە لە ھەرێمی كوردستان گوتیشی، چەند كۆبوونەوەیەك بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا كراون و شاندێكی ئەمەریكایش چووەتە رمێلان و ھێزی پێشمەرگەی ڕۆژیش لەگەڵ ئەواندا رۆییشتوون، بەڵام نەگەییشتنە رێككەوتن و پەیەدە باسی لەوە كردووە ئەگەر بگەڕێنەوە دەبێتە شەڕ و تەنیا لە حاڵەتێكدا ڕازین پێشمەرگەی ڕۆژ بگەرێتەوە، ئەویش بچن لەگەڵ ئەواندا شەڕی توركیا بكەن، "ئێمەیش ئەو كارە قەبووڵ ناكەین، چونكە توركیا وڵاتێكی دراوسێیە، ٧٠٠كم لە نێوانماندا ھەیە و دووەم وڵاتە لە ناتۆ، بۆیە داوا دەكەین بە گفتوگۆ كێشەكان چارە بكرێن نەك بە شەڕكردن".

بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە ھەرێمی كوردستا، ئاماژەیشی دا: "ئەمەریكا جۆرێك بێھیوایی پێوە دیارە، چونكە چەند ھەوڵ دەدات ناتوانێت پەیەدە لە پەكەكە بكاتەوە، بۆیە لەلایەن توركیاوە مەترسیی جیددی لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان ھەیە، چونكە ھەماھەنگی لە نێوان توركیا و ئەمەریكادا ھەیە، بۆیە ئەگەر ئەمەریكا پشت بە ھێزی توركیا ببەستێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش، یەپەگە نامێنێت و ئەگەر پشت بە پێشمەرگەی ڕۆژیش ببەستێت، رۆڵی یەپەگە دیسان نامێنێت، بۆیە بە كۆتاییھاتنی داعش، یەپەگەیش كۆتایی دێت".
kdp-
Top