ئامادەكاری بۆ سەری ساڵ دەكرێت.. فێستیڤاڵی خلیسكانی سەر بەفر بەڕێوە دەچێت
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گوتی، لەگەڵ هاتنی سەری ساڵی نوێدا، دەستەكەیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت لە شارەكانی كوردستان، چەند ئاهەنگێك ساز دەكەن.
ڕۆستی، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "لەم وەرزەدا و بۆ سەری ساڵ پلانی تایبەتی خۆمان هەیە بۆ هێنانی گەشتیار، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی خۆمان لە شارەكانی دیكە كۆبوونەوە دەكەین، لیژنە پێك دەهێنین و ئامادەكاری دەكەین، لەگەڵ هۆتێل و كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكانیش لەسەر هێڵین بۆ هێنانی گەشتیار لەم وەرزەدا، هەروەها چاوەڕوانی بارینی بەفر دەكەین بۆ ئەوەی چەند فێستیڤاڵ و چالاكییەك ئەنجام بدەین وەك ساڵانی رابردوو، ڕەنگە ئەمساڵیش چالاكییەكان فراوانتر بكەین."
زۆرێك لە ناوچەكانی دەڤەری سۆران گەشتیارین و، خەڵكێكی زۆر لە وەرزە جیاكاندا بە تایبەت بەهاران ڕوویان تێدەكەن، وەك زانراوە ئامادەكاری بۆ سەری ساڵی نوێ كراوە و لە زۆر شوێن ئاهەنگ ساز دەكرێت.
بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هەوڵی هێنانی زۆرترین ژمارەی گەشتیار دەدەین بۆ ناوچەكە، لەگەڵ ئەوەی لە مانگی داهاتوودا فێستیڤاڵی خلیسكانی سەر بەفر لە چیای كۆڕەك ئەنجام دەدەین."
ئەو گوتیشی: "خۆمان ئامادە كردووە بۆ وەرزی گەشتیاریی زستانە و چاوەڕوانی هاتنی بەفر دەكەین، بۆ ئەوەی پێشوازی لە گەشتیاران بكەین، لەگەڵ ئەوەی ناو بەناو هەندێك چالاكیی گەشتیاری ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی گەشتیار ڕابكێشین، بارینی بەفر خۆی هۆكارێكە بۆ ئەوەی گەشتیاران زیاتر روو لە شوێنە گەشتیارییەكان بكەن، كە ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر بەرز بووەتەوە".
kdp-
