پسپۆڕان: کردنەوەی ڕێگای سحێلا دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووریی ناوچەکە
دەرەوازی سحێلا، کە ناوچەی شنگال و دهۆک پێکەوە دەبەستێتەوە، لە ڕووی جوگرافیشەوە دەبێتە گۆشەی نێوان سێ وڵاتان، تورکیا و عێراق و سووریا. لەو بارەیەشەوە ئابووریناس، کاوە عەبدولعەزیز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە کوردستان و عێراقدا هەموو دەروازەیەک گرنگیی خۆی هەیە، چونکە دەرەوزای ئاویمان نییە، هەر لەبەر ئەوەش کردنەوەی دەروزاەی سحێلا دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووری لە نێوان شنگال و دهۆکدا و قازانجی بۆ هەردوولا زۆر دەبێت.''
کاوە عەبدولعەزیز گوتیشی: ''ئێستا ناوچەی شنگال و دەوروبەری لە ڕووی ژێر خانی ئابوورییەوە کاول کراون، کردنەوەی دەروازەی سحێلا بۆ شنگال دەبێتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنەری بکەوێتە ئەو ناوچانە و پێچەوانەکەیشی قازانجی بۆ ئابووریی پارێزگای دهۆک دەبێت.''
ئەو ئابووریناسە دەشڵێ: ''ئەگەر ڕەوشی ناوچەکە لە ڕووی ئەمنییەوە بەرقرار بێت، ڕیکخراوە مرۆییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و بازرگانیی نێودەوڵەتی هەمووی دەچنە ئەو ناوچانە.''
ئێستا دنیا چاوی لە ئاوەدانکردنەوەی شنگالە، کەچی هێزە نایاساییەکان ڕیگرن لە ئاوەدانکردنەوەی و دوای سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، چەندین پرس بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەریم و بەغدا گوتوبێژ کران، هەر دوای سەردانەکەش ئەوە ڕێگای سحێلا کرایەوە.
شیلان بێبانی، ئابووریناس، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''کردنەوەی ئەو ڕێگایە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە گرنگە، چونکە لە ڕووی وەبەرهێنانەوە دەبێتە هۆی پێکەوەبەستنەوەی وڵاتان. ئەو ناوچەیە پێویستی بە وەربەهێنان و ئاوەدانکردنەوە لە لایەن کۆمپانیاکانی نێوخۆ و دەرەوەش هەیە و دنیا چاوی لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیەیە.''
بێبانی گوتیشی: ''کردنەوەی ڕێگاکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووریی پارێزگای دهۆک باشتر بێت و کاڵا و شتومەکیش ئەرزان بێت و پەیوەندیی نێوان ڕۆژاوا و باشووری کوردستانیش لە ڕووی ئابووییەوە باشتر بێت.''
هەر لەو بارەیەوە، د. نایف گەرگەری، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''داخستنی ئەو ڕێگایە زیانێکی زۆر گەورەی هەبوو، چونکە شنگال و ناوچەکە زیاتر لە پارێزگایەکن، هەموو شتێک داخرابوو، هاتوچۆی ئابووری ڕاوەستابوو، خەڵکی ئەو ناوچانە لە ڕووی تەندروستی و شتومەکی خواردن و ئاوەدانکردنەوەوە پێویستیان بە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئەو ڕێگایەی لە ئاوارەکان داخستبوو.''
kdp-
