موسەنا ئەمین: قەدەخەکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک پێچەوانەی دەستوورە

 موسەنا ئەمین: قەدەخەکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک پێچەوانەی دەستوورە
د.موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق سەر بەیەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند قەدەخەکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک پێچەوانە و دژی دەستوورە، مافی کوردە لە هەر شوێنێک هەبێت ئاڵای خۆی هەڵبکات.

د.موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو ڕایگەیاند "قەدەخەکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دژی دەستوور و یاساکانی عێراقە، پێشێلکاری و ستەمکارییە، مافی کوردە لە هەر شوێنیک هەبن، ئاڵای خۆیان هەڵبکەن و دەبێ ڕێز لە ئاڵاکەشیان بگیرێ کە ئاڵایەکی فەرمییە لە دەوڵەتی عێراقدا و دانی پێدا نراوه".
هەروەها ڕوونی کردەوە "هیچ یاسا و ڕێسایەک ڕێگر نییە لە کەرکووک و غەیری کەرکووک ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت، بەڵام ئەمەی حکوومەتەکانی عێراق دەیکەن شەڕانگێزیی سیاسی و گێچەڵپێکردنە، ئەگەرنا ئەوە مافێکی سروشتیی گەلی کوردستانە و بەپێی مادەی ۱٤۰ی دەستووریش کە دەڵێ کەرکووک شوێنێکی جێ ناکۆکە لە نێوان هەرێم و بەغدا، هەر ئەو مادەیە ماناکەی ئەوەیە کە چەند بەشی ئەوان بێ، ئەوەندەش هی کوردە تا یەکلا دەبێتەوە".

پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو گوتیشی "ئەگەر هەرێمیش نەبێ ئەو ئاڵایە ئاڵای گەلی کوردە و لە هەر شوێنێک کورد هەبێ لەبەر ئەوەی لە عێراق دانی پێدا نراوە، ئەوا لە بەسرەش هەڵبکرێ ئاساییە نەک لە کەرکووک، بۆیە پێویستە لە هەموو شوێنیکی عێراق ڕێز لە ئاڵای کوردستان بگیرێ".

سەبارەت بەکەوتنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانیش لە دوای ۱٦ ئۆکتۆبەر، موسەنا ئەمین دەڵێ "گومانی تێدا نییە ئەگەر ئەو قەیرانانە ڕووی نەدایە کە ڕووی دا، ئەوا ئەم دژایەتییانە بۆ ئاڵای کوردستان بەم شێوەیە نەدەبوو، ئەو گێچەڵپێکردن و کەمکردنەوەی داهات و داخستنی فڕۆکەخانە هەموو ئەو شتانە دەرئەنجامی ئەو قۆناخە بوون، ئەو دۆخەش دەرفەتێکی ڕەخساند کە ئەوان تەعبیر لەوە بکەن کە لەناو ناخی خۆیاندا حەشاریان دابوو".











باسنیوز
Top