نەجمەدین کەریم: لەسەر دوو هۆکار تا ئەمڕۆش نەیارانی ئاڵا و ڕیفراندۆم قسەم بۆ هەڵدەبەستن
نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک، ڕایگەیاند، لە ٢٨ی ٧ی ٢٠١٧، لەسەر داواکردنی ئەوان بە نووسراوێک، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دا، ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە کەرکووک هەڵکرێ. پێشتریش ئەو ئاڵایە لە هەموو شوێنێکی کەرکووک و فەرمانگەکان هەڵدەکرا و هەموو ساڵێکیش لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا لە قوتابخانەکان و شوێنەکان یادەکە دەکرایەوە.
ڕوونیشی کردەوە: ”ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە بووە هۆی نەک تەسلیمکردنی ئاڵای کوردستان، بەڵکوو هەموو خاکی کەرکووکی خۆشەویست و شوێنەکانی دیکەش، لەبەرچاوی سەرکردەکانی حەشد کە بۆ ئەو مەبەستە هاتبوونە کەرکووک، ئاڵاکە هێنرایە خوارەوە. دواتر گرووپێک لە بەرەی تورکمانی شکاتیان کردبوو لەسەر ئاڵاکە کە ئەوانەی بوونەتە هۆی هەڵکردنی، بە فەرمی سزا بدرێن، مەحکەمەی فیدرالیی عێراق ئاماژەی دا کە ئەوە بڕیارێکی خۆیەتی و هیچ پێشێلکردنی یاساکانی عێراقی تێدانییە“. ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەمڕۆ دەبینین، ئەو حزبانەی لە کەرکووکیش کار دەکەن، ناتوانن ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگاکانیشیان هەڵبکەن، بەڵام ”ئاڵای کوردستان لە دڵی هەموو کوردێک دایە و ئەو ئاڵایەی لە دڵی کورداندایە بە زەبری هەموو هێزی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکە ناسڕێتەوە“.
نەجمەدین کەریم باسی ئەو تۆمەتانەی کرد کە بۆی هەڵدەبەسترێت و نەیشاردەوە: ”من لەسەر دوو شت تائەمڕۆش بەغدا و ئەوانەی دژی ڕیفراندۆم و ئاڵا بوون قسەی هەڵبەستراومان بۆ درووست دەکەن، لەو ڕۆژەشەوە کە ئاڵای کوردستانمان هەڵ کرد، هەندێک دەیانگوت دەبێت بە کێشە و لەوانەیە لابرێی، بەڵام دەمگوت شانازییە لەسەر ئاڵای کوردستان و ڕیفراندۆمی کەرکووک لاببرێم و ئامادەم تووشی هەر سزایەک بم“. ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەو دوو شتە، هەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو لە پارێزگاکەی کوردستان.
پارێزگاری شەرعیی کەرکووک جەختی کردەوە: ”خەڵکی کەرکووک ئەمڕۆ چەوسێندراوەتەوە و تەعریب و دەرکردن لە دایرەکان هەیە و بەرپرسانی کورد لادەبرێن، بەم نزیکانە دەیان ئەفسەر و پۆلیسی کورد بە نووسراوی فەرمی لە کارەکانیان لادراون، ئەمڕۆ فشارێکی زۆر هەیە لەسەر حزبەکان لەلایەن خەڵکەوە کە بێدەنگ بوون لەسەر دۆخی کورد لە کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکەش، ئەمە بووەتە مایەی ئەوەی کە ئەگەر خۆپیشاندان بکرێت، حزبێک بڵێت ئێمە کردوومانە، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەمە داواکاریی خەڵکی کەرکووکە و دەرئەنجامی ڕادەستکردنی کەرکووکە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧“. گوتیشی: ”خەڵکی کەرکووک خۆی هەر خۆپیشاندان و مانگرتن دەکات دژی ئەو چەوسانەوەیەی کورد لە کەرکووک تووشی بووە، ئەنجام دەدات، هەروەها بێدەنگیی ئەو لایەنەی بوونەتە هۆی ئەو بارە نالەبارەی لە کەرکووک هەیە، وایکردووە خەڵکەکە خۆپیشاندان بکەن، بەڵام یەکێک هەیە دەیەوێ خۆی بکاتە خاوەنی، فشارێکی زۆر لەسەر حزبەکانی کەرکووک هەیە کە هەڵسن بە کارێک دژی ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت“.
هاوکات ڕەخنەشی لە هەندێک لایەن گرت کە ”ئەوەندەی لەسەر وەزارەتێک شەڕ دەکرێ، ئەگەر لەسەر مافی کورد شەڕ بکرایە و خۆیان ڕابگرتایە، دۆخی کورد بەم شێوەیە نەدەبوو“.
باسنیوز
