د. عارف حیتۆ: مووچەی كەمئەندامان بە گوێرەی یاسا دابەش كراوە
دكتۆر عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بە وەكالەت، ڕایگەیاند كە ئەو كەمئەندامانەی لە لیژنەی پشكنین دەرنەچوونە، مووچەكانیان لە مانگی ئاداری رابردووەوە بڕدراوە، چونكە شاییستەی ئەوە نین لە ڕووی كەمئەندامییەوە تا سوودمەند بن لە وەرگرتنی مووچە، بەڵام بۆ ئەوەی ستەم لە ھیچ كەس نەكرێت، حكوومەت دووبارە لیژنەی تەندروستی بۆ پشكنین لە ھەموو پارێزگاكان دامەزراندووە.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، دەڵێ: "ھەر كەمئەندامێك پێی وابێت غەدری لێ كراوە، دەتوانێت سەردانی لیژنەی پشكنین بكات و ئەگەر دەركەوت رێژەی كەمئەندامییەكەی بە گوێرەی یاسا دەیگرێتەوە، بێگومان نەك تەنیا مووچەی بۆ دەگەڕێنینەوە، بەڵكوو مووچەكانی پێشوویشی بۆی خەرج دەكرێت".
لەبارەی ئەوانەی فەرمانبەری حكوومەتن، حیتۆ گوتی: "كەمئەندامان خۆیان بەشدارییان لە ئامادەكردنی یاسای كەمئەنداماندا كردووە، كە ھەر كەسێك رێژەی كەمئەندامییەكەی نەگاتە ٧٠% و فەرمانبەری حكوومەت بێت، سوودمەند نابێت لە مووچەی حكوومەت، ئەوە لە ساڵی ٢٠١٢دا یاسای بۆ دەرچووە".
دەشڵێ، ئەوانەی دیكە بە گوێرەی رێژەی كەمئەندامی بۆیان ھەژمار دەكرێت، بۆ نموونە كەمئەندامی جەستە ئەگەر لاقێكی نەبێت، ڕاستە كە رێژەی كەمئەندامییەكەی ٥٥% بۆ ھەژمار دەكرێت، بەڵام لە وەرگرتنی مووچەی حكوومەت سوودمەند دەبێت.
باسنيوز
