تاریق حەرب: یەکلابوونەوەی وەزارەتی داد بۆ یەکێتی ئەستەمە لەبەر هۆکارێک

 تاریق حەرب: یەکلابوونەوەی وەزارەتی داد بۆ یەکێتی ئەستەمە لەبەر هۆکارێک
یاساناسێکی بەناوبانگی عێراق ئاشکرای کرد کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە کورد دەدرێت و ئەستەمە وەزارەتی دادی عێراق بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلا ببێتەوە، چونکە داوای زۆری لەسەرە. پەرلەمانتارێکی پارتیش ئاشکرای کرد کە عادل عەبدولمەهدییان بۆ دیاریکردنی کاندیدی وەزارەتەکە سەرپشک کردووە.

لەبارەی پێداگریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دادی عێراق، تاریق حەرب، یاساناسی بەناوبانگی عێراقی، ڕايگەیاند، یەکلابوونەوەی ئەو وەزارەتە بۆ یەکێتی ”ئەستەمە“، چونکە ”تا ئێستا جگە لە پارتی و یەکێتی، پێکھاتەی سوننە و پێکھاتەی مەسیحیش داوای ئەو وەزارەتە دەکەن“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ھەرێمی کوردستان دەدرێت“، بۆیە ئەگەری پێدانی وەزارەتی داد بە کورد لاوازترە.

بە بڕوای تاریق حەرب، پێویستە وەزارەتی داد بۆ کورد بێت، چونکە ”پێشتر لەلایەن حزبی فەزیلەوە ئەو وەزارەتە بەڕێوە براوە و کردبوویان بە بەڕێوەبەرایەتیی سوڵحی عەشایری، ھەنگاوێکیان بۆ پێشەوە بوو، ٥ ھەنگاویان بۆ پشتەوە بوو، بەڵام کاندیدەکانی کورد کەسانی تێگەیشتی و یاساناسن".

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، قازی دارا نوورەدینی بۆ پۆستی وەزارەتی داد کاندید کرد کە دادوەرێکی کوردە، لەمبارەیەشەوە تاریق حەرب دەڵێت: ”دارا نورەدین دوای رووخانی رژێمی سەدام، وەزیری داد بوو، ھەروەھا لە ئەنجومەنی حوکم بوو، ھیچ بەربەستێکی بۆ دروست نابێت، چونکە کاندیدانی کورد پەسەندن و لە کارەکانیان وردن".

لەلایەکی دیکەوە بەشار کیکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند، وەزارەتی داد بۆ پێکهاتەی کورد یەکلا بووەتەوە، بەڵام هێشتا دیار نییە لە نێو کورددا پشکی کام لایەنە.

ڕوونیشی کردەوە کە پارتی، عادل عەبدولمەهدی سەرپشک کردووە، تاوەکوو کەسێک بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق دیاری بکات.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێهیوابووە لە وەرگرتنی پۆستێکی حکوومەتی عێراق و بەو سەرجەم کارتەکانی بەکار دەهێنێت. لەمبارەیەشەوە شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاندبوو، ئەو بانگەشانەی یەکێتی بۆ خۆپیشاندان لە کەرکووک دەیکات، قۆستنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کەرکووکە بۆ بەدەستهێنانی وەزارەتێکی حکوومەتی عێراق، نەک داواکردنی مافەکانی خەڵکی شارەکە.











باسنيوز
Top