سەرۆک بارزانی و برێت مەکگۆرک دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەکانیان تاوتوێ کرد
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سوریا و دوایین پێشهاتەكان تاوتوێ كرا و شاندی میوان دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی سووریا و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و هەروەها ستراتیژیی وڵاتەكەیان لەبارەی سووریا بۆ سەرۆك بارزانی خستە ڕوو.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا، بۆچوون و ئامۆژگاریی خۆی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كورد لە سووریا شی كردەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هاوكێشەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
دەرئەنجامەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا لە نۆڤەمبەری ڕابردوو و، هەروەها سەردانی وەزیری وزەی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان تەوەری دیكەی ئەو دانیشتنە بوون.
باسنيوز
