پۆلیسی سلێمانی: کەسێک کوژرا و دوو تۆمەتباریش دەستگیر کران
ئەمڕۆ دووشەممە 17/12/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە گوندی (قەڵبەزە)ی سەر بە ناحیەی وارماوا، گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ بە فیشەک کوژرا".
باس لەوەش کراوە: "دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی بەڵگەی تاوان، کەشف و ھێڵکاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە کرا و لەلایەن ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی وارماوا دوو کەس دەستگیر کران، کە تۆمەتبارن بە کوشتی گەنجەکە".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش داوە: "گەنجە کوژراوەکە ناوی (ع، م، س) و لەدایکبووی ساڵی 1992ە، پیشەی قوتابییەن بەیانیی ئەمڕۆ بە چەکی کڵاشینکۆف کوژراوە".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوەکەدا ڕوونیشی کردووەتەوە: "ئێستا ھەریەک لە تۆمەتباران (ع، ع، ا) و (س، ف، ا) بە فەرمانی داوەر و بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون، دەستیش بەسەر چەکی بەکارھاتوودا گیراوە، لەلایەن بنکەی پۆلیسی وارماواوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکەش کراوەتەوە".
باسنيوز
