عەدنان موفتی: یەکێتی هەر چۆنێک بێ لەگەڵ پارتی ڕێک دەکەوێت

 عەدنان موفتی: یەکێتی هەر چۆنێک بێ لەگەڵ پارتی ڕێک دەکەوێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، حزبەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆچوونی جیاوازیشیان هەبێت و ”هەر چۆنێک بێت“، ڕێک دەکەوێت.

عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیاکانی سەر بە حزبەکەی ڕاگەیاند: ”یەکێتی و پارتی ئەگەر بۆچوونی جیاوازیشیان هەبێت، دواجار لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر دەگەنە ڕێککەوتن و ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە حکوومەتەوە هەیە، ڕێککەوتنی لەسەر دەکەن“.

سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کە گوایە دانیشتنەکانیان تائێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەختی کردەوە کە ”هەر چۆنێک بێت، ئەو دوو لایەنە دەگەنە ڕێککەوتن“.

پێشتر سەرۆک بارزانی لە میانی وتارێکیدا لە شاری دهۆک، ئەوەی ڕاگەیاند کە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی فیفتی بە فیفتی پێک ناهێندرێت و هەوڵی گۆڕانکاری و چاکسازیی بنەڕەتیش دەدرێت.

بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە لێدوانەکانیان بۆ میدیاکانی دیکەش، جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پارتی بڕیاری داوە بەپێی شایستەی هەڵبژاردن مامەڵە لەگەڵ حزبەکاندا بکات و یەکێتیش کە ژمارەی کورسییەکانی کەمترە لە نیوەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەقەد ٢١ کورسییەکەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.











باسنیوز
Top