ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
شێروان میرزا، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی (بغداد ئەلیوم) ڕای گەیاندووە، بەپێی ڕێککەوتنی پێشووی نێوان هەردوو حکوومەتی هەولێر و بەغدا، ٣١٧ ملیار دینار مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
جەختیشی کردەوە کە ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا بودجەی عێراقیش پەسەند نەکرێت و ساڵی دارایی ٢٠١٩ش دەست پێ بکات ئەوا ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوام دەبێت و ”ئەگەریش هەیە بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەولێر و بەغدا، بڕە پارەیەکە گۆڕانی بەسەردا بێت“ و زیاد ببێت.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە پێیوایە کە دەبێت نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵەکانیان بۆ گەرەنتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان یەک بخەن.
پاش ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بە ناردنی بڕی ٣١٧ ملیار دینار وەک مووچەی فەرمانبەران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی کەم کردەوە و لەگەڵ ٢٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکا کە بۆ پێشمەرگەی دەنێرێت و ٣٧٠ ملیار دیناری داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەر ٣٠ رۆژ جارێک مووچەی فەرمانبەران دابەش دەکات. بۆیە پێشبینی دەکرێت کە ئەگەر بڕە پارەیەکی زیاتر لە بەغداوە وەک مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بنێردرێت، ئەوا کێشەی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت.
باسنيوز
