وەزیری پەروەردە داوا دەکات بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵاوە یەکڕیزی و تەبایی کوردستان تۆکمە بکرێ
پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان لە میانی وتارێکیدا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ھەولێر کە بە بۆنەی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان پێشکەشی کرد، ئەوەی ڕاگەیاند کە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، نیشانەی ئەوەیە کە میللەتی کورد میللەتێکی زیندووە و ”ئاڵاکەمان ھەر بە سەربەرزی و بە شکۆیی دەمێنێتەوە“.
جەختیشی کردەوە کە ”گرنگە بتوانین بەبۆنەی ئاڵاوە یەکڕیزی و تەبایی کوردستان تۆکمە بکەین. میللەتی کورد بە درێژایی مێژوو نەیھێشتووە ئاڵاکەی بچەمێتەوە“.
ئاماژەشی بەوە کرد کە پێویستە لە بۆنەکاندا، بەتایبەتیش لە مانگی ئازاردا، ئەو بۆنە نیشتمانییانە زیاتر سەرنجیان بخرێتە سەر. بۆ ئەم مەبەستەش ”وەکوو وەزارەتی پەروەردە، بە ھەموو شێوەیەک جەختمان لەسەر لایەنە نیشتمانییەکە کردووەتەوە“.
باسنیوز
