ناوەڕۆکی گفتوگۆی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا و پەیەدە ئاشکرا دەکرێت
بەپێی ئەو زانیارییانە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، شاندێکی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بە یاوەریی ژمارەیەک ئەفسەری ئەمریکی گەیشتوونەتە ڕۆژئاوای کوردستان و ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە ١٦ی ١٢ی ٢٠١٨ لەگەڵ پەیەدە کۆبوونەتەوە.
کۆبوونەوەکەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن ئەمریکییەکانەوە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا.
سەرچاوەکە ئاماژەشی بەوە کرد کە ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بە یاوەریی ئەمریکییەکان گەیشتوونەتە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام تائێستاش هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و یەپەگە پێشنیازی ئەمریکییەکانی قەبوڵ نییە. کۆبوونەوەکەشیان بە چاودێریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات، بەڕێوە چووە.
هەر لەمبارەیەوە موسلیم محەمەد، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەنەکەسە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە، ١٥٠ پێشمەرگە وەک دەستەی گفتوگۆ لەگەڵ هێزەکانی پەیەدە لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژاوای کوردستان کۆبوونەتەوە، بۆ گەڕانەوەیان و چاوەڕوانی وەڵامی پەیەدە دەبن. لە کاتێکدا ماوەیەکی درێژە ئەنەکەسە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بۆ ئەو بەشەی کوردستان دەکات، بەڵام پەیەدە ڕێگەی گەڕانەوەیان پێ نادات.
هاوکات حەسەن خێری لە ڕاگەیاندنی ئەنەکەسە بە ماڵپەڕەکەی پارتی ڕاگەیاندووە کە ئێستا پێشمەرگەکان لە “ڕمێلان”ن و چاوەڕوانی ڕەزامەندیی ئیدارەی پەیەدە دەکەن، تاوەکوو بۆ پارێزگاریکردن لە ناوچەکانیان، بگەڕێنەوە ئەو بەشەی کوردستان.
لە ساڵانی ڕابردوودا بە هەوڵ و سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، هەریەک لە ئەنەکەسە و تەڤدەم ڕێککەوتنی دهۆک و هەولێریان واژۆ کرد، بە مەبەستی پاراستن و بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام تەڤدەم کە نوێنەرایەتیی باڵ و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ڕێککەوتنەکانی جێبەجێ نەکرد.
باسنیوز
